کەشتییەک بووەتە مەترسی هاوشێوەی کارەساتەکەی بەیروت

08/08/2020
مەترسی بۆسەر ژیانی ٣٠ ملیۆن کەس دروستکردووە
فۆتۆ: 

تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت مەترسی ئەوەی دروستکردووە، تەقینەوەیەکی هاوشێوەی ئەوە، کە ڕەنگە لەوڵاتی یەمەن ڕووبدات.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ماوەی پێنج ساڵە کەشتیەکی نەوت گوێزەرەوەی زەبەلاح لە نزیک کەنارەکانی خۆرئاوای ئەو وڵاتە لەنگەری گرتووە و، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ دزەکردنی گەورەترین بڵاوبوونەوەی نەوتی خاو لە دەریادا، کە چاوەڕواندەکرێت زیانێکی گەورەی ژینگەیی بە جیهان و ناوچەکەش بگەیەنێت.

ئەو نەوت هەڵگرە کۆنە، کە ناوی"سافر"ە و خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای "سافر بۆ پرۆسیە گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان"، کە لەلایەن دەوڵەتی یەمەنەوە بەڕێوەدەبرێت.

 کەشتییەکە ماوەی ٥ ساڵە لە دووری پێنج میلی دەریایی لەنزیک کەنارە ئاوییەکانی یەمەن  لەنگەری گرتووە، کەشتییەکە ٣٢ میلی دەریایی دوورە لە شاری حودەیدەوە، کە لەلایەن حوسییەکانی ئەو وڵاتەوە کۆنترۆڵکراوە.

کەشتیەکە بڕی یەک ملیۆن  و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی تێدایە، بەواتای زیاتر لەچوار هیندەی ئەو بڕە نەوتەیە، کە لە کارەساتی "ئیسکۆن فالدیز"ی ترسناک و لەساڵی ١٩٨٩ لەنزیک کەنارەکانی ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا دزەی کردە دەریاوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات، ئەگەر کارەساتێک لەو کەشتییەدا ڕووبدات، ئەوا کەشتییە یەمەنییەکە چوارهێندەی بڕە نەوتی کارەساتی "ئیسکۆن فالدی" دەکاتە دەریاوە، کە دەبێتە هۆی زیانگەندنێکی زۆر بە ژیانی دەریایی و لەکارخستنی ڕێڕەوی گواستنەوەی ئاوی لە دەریای سور و تێکشکاندنی ئابوری هەرێمایەتی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سافر وەک  بۆمبی تەوقیتکراو وایە، وەک ئەوبڕە زۆرە لە نتراتی ئامۆنیۆم، کە لەبەندەری بەیروت تەقییەوە، چونکە پسپۆڕان پێیان وایە ئەمبارکردنی بڕە نەوتێکی زەبەلاح بێ هیچ هەواگۆڕکێیەک، دەکرێت ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی مەزن لە بەندەرەکەدا.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٥ وە کۆمپانیای سافر ناتوانێت تێچوونی چاککردنەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دابین بکات، ئەوە بووەتە هۆی خراپبوون و ژەنهەڵهێنان و کەڵەکەبوونی بڕێک گازی مەترسیدار، کە ئەگەری تەقینەوەی زیاتر دەکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە هەڵسەنگاندنێکی هونەری و تەنکیکی بۆ کەشتە نەوتهەڵگرەکە بکات و چاککردنەوەی ساکار بۆ هەندێک لەبەشەکانی بکات، قۆناغی یەکەمی بریتی بووە لە خاڵیکردنەوەی نەوتەکە و ڕاکێشانی کەشتییەکە بۆ ناوچەیەکی ئارام، بەڵام حوسییەکان ڕەتیانکردەوە ڕێگە بەو کارە بدەن.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری "ئیان رالبی" سەرۆکی کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕاوێژکاری ئاسایشی دەریایی دەڵێت "حوسییەکان لە هەوڵی فرۆشتنی نەوتی خاوی ناو نەوتهەڵگرەکەن، کە بەهاکەی بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن  دۆلار مەزندە دەکرێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارە حوسییەکان لە هەوڵی ئەوەدان نەوتەکە وەک چەکێک بۆ سازشکردن لەدژی حکومەتی یەمەن بەکاری بهێنن.

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن ئەو مەترسییەی کە دزەکردنی نەوتی خاوی ناو ئەو نەوتهەڵگری سافر دروستیکردووە، دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانی پاڵاوتنی ئاو لەسعودیە، کە ئاوی خواردنەوە بۆ ملیۆنان هاوڵاتی دابین دەکات.

جیری سیمبسۆن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی ململانێ و قەیرانەکان لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت "لەم دۆخەی ئێستای حوسییەکان، بەهۆی هۆکارە ستراتیژی و سەربازی و سیاسییەکانەوە، ژیانی ٣٠ ملیۆن کەس و سەرچاوەی ژیانیان و خۆشگوزەرانیان دەخاتە مەترسییەوە.

مانگی ڕابردووش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەمەترسی تەقینەوەی ئەو نەوتهەڵگرە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دزەکردن و لێچوونی زۆربەی هەرەزۆری نەوتەکەی بۆ ناو دەریای سور.

ئاژانسی ژینگەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەر لێچوونێک دەبێتە مایە وێرانکردنی سیستمی ژینگەیی دەریای سور، کە نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس پشتی پێ دەبەستنن لەوانەش ١٢٥ هەزار ڕاوچی ماسی، ملیۆنک و ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی کە لەکۆمەڵاگەکانیان پشت دەبەستن بە هاوکاریی مرۆیی.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، دزەکردنی نەوتی ناو کەشتییەکە دەبێتە هۆی وێرانکردنی ٥٠٠ کلیۆمەتر چوارگۆشە لەو زەوییە کشتوکاڵیانەی، کە لەلایەن نزیکەی ٣ ملیۆن جوتیاری یەمەنەوە بەکار دەهێنرێت، هەروەها وێرانکردنی ٨ هەزار بیری ئاو، دروستکردنی مەترسی لە پسبوونی هەوای ناوچەکە، کە نزیکەی ٨ ملیۆن کەس تیا دەژین.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کاریگەرییەکانی دەبێتە هۆی داخستنی هەردوو بەندەری حودەیدە و سلیف بۆ ماوەی شەش مانگ، هەروەها کاریگەریی دەبێت لەسەر توانای یەمەن لەسەر هاوردەکردن بەڕێژەی لە٩٠%، بە تایبەت با بەتەکانی خۆراک و کۆمەکە مرۆییەکان  و کەلوپەلی بازرگانی، کە زۆر پێویستییەتی.