خۆپیشاندەرانی لوبنان چوونەناو بینای وەزارەتەکانی دەرەوە و ئابوری

08/08/2020
ڕوبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان
فۆتۆ: 

دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، بەشێک لە هاوڵاتیانی لوبنان ڕژانە سەرشەقامەکان و هەڵیانکوتایە سەر هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئابوری.

خۆپیشاندەران چەندین دروشمان لەسەر دەروازەی سەرەکی وەزارەتی دەرەوە بەرزکردەوە و داوای داماڵینی چەکیان لە بەیروتی پایتەخت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندەران چوونە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان  و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان  بەشەڕهاتن و ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.

لەناوەڕاستی بەیروتیش خۆپیشاندەران جگە لە وتنەوەی چەندین دروشم لە دژی حکومەت و دەسەڵاتداران، چەندین داری لەسێدارەدانیان لە گۆڕەپانەکان ئامادەکرد، وەک دەربڕینێک بۆ لەسێدارەدانی لێپرسراوە سیاسی و گەندەڵکارەکانی لوبنان.

لە وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتەش خۆپیشاندەران وێنەی میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنانیان لە پەنجەرەی وەزارەتەکەوە فڕێدایە خوارەوە.

بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکان بۆمی فرمێسکڕێژیان لەدژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا و بەهۆی توندوتیژی هاتە ئاراوە و زیان لە بەچەندی ئوتۆمبێل و دامودەزگای گشتی گەیشتووە.

خۆپیشاندەران نیگەرانی خۆیان لە سیاسەتەکانی حکومەت دەربڕی لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کە بەهۆیەوە تا ئێستا ١٥٠ کەی گیانیان لەدەستداوە و ٦ هەزار کەسیش بریندار بوون و نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیش بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە.