بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا ئاگر لە چەند گوندێکی زاخۆ کەوتەوە

08/08/2020
بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا ئاگر لە چەند گوندێکی زاخۆ کەوتەوە
فۆتۆ: فۆتۆ: مێهڤان مەجید
دهۆک

بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا، ئاگر لە سێ گوندی ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ کەوتووەتەوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تۆرکیا بۆ سەر گوندەکانی ناحیەی باتیفا، ئاگرێکی گەورە لە ھەر سێ گوندی خیزاڤا، بانک و ئەڤلھێ کەوتووەتەوە.

لەوبارەیەشەوە نزار مەجید دانیشتووی ناحیەی باتیفا بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٨ی٨ی٢٠٢٠، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) روویداوە و دواتر بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا، ئاگرێکی گەورە لەنزیک گوندەکانی  ئەڤلھێ و بانک و خیزاڤا کەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کونتڕۆڵ نەکراوە و شەڕ و پێکدادانەکانیش بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە زیانێکی زۆری  بەر ڕەز و بێستانی دانیشتووانی ئەو سێ گوندەی گەیاندووە و بەھۆی ئەو رووداوانەش بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکانی خیزاڤا و بانک و ئەڤلھێ شوێنەکانی خۆیان چۆڵکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی بێرسف-ی سەر بە ناحیەی دەركار لە سنوری قەزای زاخۆ، فرۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج، بەڵام زیانی گیانی بەدواوەنەبوو.