موئەیەد ئاغالی: 16 تووشبووی كۆرۆنا لە دهۆك دۆخیان خراپە

09/08/2020
فۆتۆ: 

سەرپەرشتیاری سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە شاری دهۆك رایگەیاند، دۆخی تەندروستی شارەكە مەترسیدارە و لە ئێستادا 16 تووشبوو دۆخیان خراپە كە شەشیان حاڵەتەكەیان مەترسیدارە.

موئەیەد ئاغالی، سەرپەرشتیاری سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە سنوری پارێزگای دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: نەخۆشخانەكانی ئێمە لە دهۆك پڕبوون و سێ چوار هۆتێلمان تەرخانكردووە بۆ چاودێریكردنی تووشبووكان. 

ئەو روونیكردەوە 16 نەخۆش لە شارەكەدا هەیە كە دۆخیان خراپە و شەش لەوانیش دۆخیان مەترسیدارە كە یەكێك لەوان بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و دوو لەوان لە ئێستادا پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان دەبێت. 

ئاغالی روونیكردەوە مەترسیداری رەوشەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرچاوەكانی تووشبوون ئاشكرا نین، رەوشەكە مەترسیدارە داوا دەكەم هاوڵاتیان دەمامك و دەستەوانە بەكار بهێنن زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەكانیان بمێننەوە، داواش لە حكومەت دەكەم هەرچی زووە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنێت. 

بەهۆی ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ماوەی دوو رۆژە ئامارەكانی كۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت ئامارەكانی ئەمڕۆی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بەراورد بە رۆژانی دیكە زیاتر بێت. 

بەگوێرەی دواین ئامار كە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردووەتەوە هەزار و 44 تووشبوو لەو شارە تۆماركراوە و لە نێویاندا 601 كەس چارەسەر كراون و پێشتر هەشت كەسیش گیانیان لەدەستدابوو بەڵام بەیانی ئەمرۆش كەسێكی دیكە لە شارەكە گیانی لەدەستدا.