ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد

09/08/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی هەرێم نوێترین ئامارەكانی كۆرۆنای بڵاو كردەوە و رایگەیاند 542 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون و 17 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوەكەیدا كە دیاری نەكردووە ئامارەكانی ماوەی چەند رۆژ یان كاتژمێرێكە، ئاشكرایكرد  چوار هەزار و 104 پشكنینی نوێ ئەنجامدراوە و تیایدا 542 تووشبووی نوێ تۆماركراوە كە 285 كەسیان لە هەولێر بوون و 160 كەس لە دهۆك و 56 كەس لە سلێمانی و 25 كەسیش لە گەرمیان و 16 كەسیش لە هەڵەبجە. 

وەزارەتەكە ئەوەشی راگەیاندووە لەو ماوەیەدا 141 كەس چاكبوونەتەوە بەبیچ ئاماری چاكبوونەوە لە شاری سلێمانی كە لەو شارە بە شێوەیەكی جیاواز رادەگەیەندرێت. 

وەزارەتەكە روونیشیكردووەتەوە 17 كەسی دیكە گیانیان لەدەستداوە كە 10یان لە هەولێر و پێنجیان لە سلێمانی و لە گەرمیان و هەڵەبجە هەریەكەیان یەك كەس. 

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان 226 هەزار و 182 پشكنین ئەنجامدراوە و تیایدا 17 هەزار و 39 تووشبوو تۆماركراوە و لە نێو تووشبووەكاندا 10 هەزار و 143 كەس چاكبوونەتەوە كۆی گشتی ئەوانەیشی تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 648 كەس. 

وەزارەتی تەندروستی رۆژانە ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە بەڵام دوێنێ 8.8.2020 ئامارەكانی بڵاونەكردەوە.