وەزیرێکی دیکەی حکومەتی لوبنان دەستی لەکار کێشایەوە

09/08/2020
دمیانوس قەتار وەزیری ژینگەی لوبنان
فۆتۆ: 

لەدەرئەنجامی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، دوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان، هەر ئەمڕۆ وەزیری ژینگەش دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، دمیانوس قەتار وەزیری ژینگەی لوبنان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی کرد.

ڕۆژنامەی نەهاری لوبنانی ئاشکرایکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری ژینگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاندووە.

ئەو دەستلەکارکێشانەوە نوێیە لە کابینەی حکومەتەکەی دیاب، دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێکە بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی مەنال عەبدولسەمەد وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان، کە پۆزشی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی هێناوە و ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەکەی حکومەت دەیویست ئەنجامی بدات زۆر دورە لە هیواکانی ئەوانەوە.

دەستلەکار کێشانەوەی ئەو دوو وەزیرەی حکومەتی لوبنان لەکاتێکدایە، تا ئێستا ٦ پەرلەمانتاریش دەستیان لە پۆستەکانیان کشاندووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کاردیناڵ "بەشارە ڕاعی" بەتریارکی مارۆنی ئەمڕۆ داوای لە حکومەتەکەی دیاب کرد دەستلەکاربکێشێتەوە، چونکە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرێک لەوێ و پەرلەمانتارێک لەشوێنێکی دیکە، چارەسەری دۆخەکە ناکات، بەڵکو دەبێت هەموان لەگەڵ هەست و سۆزی لوبنانییەکاندا بن.

بەشارە ڕاعی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت چیتر ناتوانێت وڵات لەو دۆخەی تێی کەوتووە ڕزگار بکات، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبژاردنی پەرلەمانتاری پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

جەختیشیکردەوە، توڕەیی و جموجوڵی چەند ڕۆژی لوبنانییەکان، ئەوە دەردەخات کە گەلی لوبنان چیتر توانای دانبەخۆدا گرتنی نەماوە و داوای گۆڕانکاری بەرەو باشتر دەکات.

لەئەنجامی تەقینەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەندەر بەیروت، ١٥٠ى کەس کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش بریندار بوون.