لەكەركوك قەدەغەی هاتووچۆ گۆڕانكاری بەسەردا دێت

10/08/2020
فۆتۆ: 

هاوشێوەی پابەندبوونی بەبڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لەڕۆژانی جەژنی قوربان و رۆژانی دواتری، لەمڕۆوە لە كەركوك هاوشێوەی بەغدا ڕێنمایی و فەرمانەكان جێبەجێ دەكات و هەفیانە سێ رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت.

مەڕوان عانی، وتەبێژی شانەی قەیرانی كەركوك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: لەمڕۆوە كاتژمێرەكانی قەدەغەی هاتووچۆ لەكەركوك گۆڕانكارییان بەسەردێت، بۆ لەمەودوا هەفتانە لە یەكشەممەوە تا ڕۆژی چوارشەممە لەكاتژمێر9ی شەو تا كاتژمێری 5ی بەیانی قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ دەكرێت و ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی كاری پێدەكرێت.

ئەو روونیكردەوە دەوامی فەرمانگەكان بەڕێژەی 25% دەبێت و تا ئێستاش هیچ بڕیارێك بۆ كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان لەئارادا نیە، ئەو بڕیارانەش بەهۆی مەترسیداری بڵاوبونەوەی كۆرۆنایە لە شارەكە.

ئەوەشی ئاشكراكرد ئیدارەی كەركوك لە ئێستادا لە هەوڵی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی نوێدایە بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا ئەوەش بە هەماهەنگی رێكخراوی پزیشكانی بێسنور دروست دەكرێت كە ناوەندێكی 20 قەرەوێڵەییە كە تایبەتە بە كەمپێكی ئاوارەكانی ناحیەی لەیلان.