بانكی خوێنی دهۆك داوای بەخشینی پلازمای خوێنی چاكبووەوەكانی كۆرۆنا دەكات

10/08/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری بانكی خوێنی دهۆك داوا لەو كەسانە دەكات كە لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە سەردانیان بكەن بۆ ئەوەی پلازما ئامادە بكەن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

عادل عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: دەستمانكردووە عەمباركردنی پلازمای خوێن لەبەر ئەوەی ژمارەی تووشبووەكانی كۆرۆنا زیاد بووە، داوا لە هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە چاكبوونەتەوە بێن بۆ بەخشینی پلازما. 

ئەو رونیكردەوە ئەو كەسانەی لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە ناتوانین لە هەموویان پلازما وەربگرین بەڵكو دوای هەندێك پشكنین ئەو كاتە كەسی شیاو دیاری دەكرێت بۆ وەرگرتنی پلازما. 

بەڕێوەبەری بانكی خوێنی دهۆك راشیگەیاند، تا ئێستا نزیكەی 490 كەس لە پارێزگاكە چاكبوونەتەوە، بەڵام ناتواندرێت پلازما لە هەموو ئەو كەسانە وەربگیرێت، بەڵام پلازمای یەك كەس بۆ سێ تووشبوو بەكار دەهێندرێت.

بە گوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا لە دهۆك هەزار و 204 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون، هەرچەندە دوای ئەو ئامارە ژمارەیەكی دیكە چاكبوونەتەوە بەڵام وەزارەتەكە تا ئەو كاتە چاكبوونەوەی 455 كەسی لە دهۆك راگەیاندووە.