عێراق ماددەی ترسناك لە فرۆكەخانەكان دەگوازێتەوە

10/08/2020
فۆتۆ: 

عێراق ئەو ماددانەی مەترسی تەقینەوەیان لێدەكرێت، لە فرۆكەخانە و دەروازە سنوریەكان دەگوازێتەوە بۆ شوێنی دوور لە نیشتەجێ بوون.

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاند "لەژێر رۆشنایی رێنماییەكانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ ئاشكراكردنی ماددەی كیمیایی و نیتراتی ئەمۆنیۆم، كە زۆر ترسناكن، لە هەموو دەروازە سنورییەكان بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لە شوێنەكانی نیشتەجێبوون". 

دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات  "ماددەی زۆر ترسناكمان لە بەشی گواستنەوەی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی دوورەدەست و پارێزراو".

دوای تەقینەوەكەی بەندەری بەیروتی لوبنان ئاشكرا بوو كە لە ساڵی 2011وە تا ئێستا 32 كۆنتێنەر ماددەی كیمیایی شل و گازی و پاودەر لە بەندەرەكانی باشوری بەغدا جێگیركراون كە بڕیاردراوە لەو شوێنە بگوزرێنەوە.