هاتووچۆی سلێمانی سزایەكی نوێی راگەیاند
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕی یەك ملیۆن دینار غەرامەی ئەو كەسانە دەكرێت كە ئامێری ئاگاداركردنەوە و روناكی بەرز بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بەكاردەهێنن جگە لەوەی ئۆتۆمبێلەكانیش بۆ ماوەی هەفتەیەك دەستی بەسەردادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەبارەی قەدەغەكردنی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە بەدەنگی و روناكی ئۆتۆمبێل جێبەجێ دەكات.
ئەو بەڕێوەبەرایەتیە راشیگەیاندووە، قەدەغەكردنی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوەی روناكی و دەنگی بەهەموو جۆرەكان دەگرێتەوە جگە لە دەزگا ئەمنی و دەزگا رێگەپێداروەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن و ئەمبوڵانس.
ئەو بەڕێوەبەرایەیتە ئەوەشی روونكردووەتەوە، هەر ئۆتۆمبێل ئەو ئامێرە بەكاربهێنێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆماوەی یەك هەفتە، لەگەراجی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتن.
ئەوەشی راگەیاندووە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكە " بەبڕی یەك ملیۆن دینار وەك سزای سەرپێچیكردن لێوەردەگرێت و پێویستە پاكانەی سەرجەم سزای سەرپێچیەكانی سەر ئۆتۆمبێلەكەی لێوەربگیرێت."
ئەوەشی راگەیاندووە" لەكاتی دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو ئامێرانە، ئەوا بەبڕی دوو ملیۆن دینار سەرپێچیكار سزا دەدرێت".
|