حکومەتی لوبنان دەستیلەکارکێشایەوە

10/08/2020
حکومەتەکەی حەسان دیاب لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەکار کێشایەوە
فۆتۆ: 
بەیروت

حکومەتەکەی حەسان دەیاب سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و کاریگەرییەکانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بە فەرمی دەستی لەکارکێشایەوە.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، کەمێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان وتەیەک پێشکەشی بەهاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات.

هەرچەندە بڕیار بووە کۆبوونەوەی حکومەت بۆ ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی "بعەبدا" بوایە، بەڵام لە سەرای حکومی دانیشتنەکە ئەنجام درا.

بەر لەڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی دیاب، غازنی وزنی وەزیری دارایش دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاندبوو.

بەر لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، چوار وەزیری کابینەکەی دیاب دەستیان لە پۆستەکانیان کێشابۆوە.
دوای ئەو هەنگاوەی حکومەت خۆپیشاندەرانی لوبنان دەستیان بە ئاهەنگ گیران کرد و داوایانکرد، پەرلەمانیش هەمان هەنگاوی حکومەت بنێت.

حکومەتی لوبنان لە ٢٠ وەزارەت پێکهاتووە، بۆ کەوتنی حکومەتیش پێویستە ٩ وەزیر دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەو کاتە حکومەت بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، ئەگەر بێتوو سەرۆکی حکومەت دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕانەگەیەنێت.

لەوەتەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت روویداوە، خۆپیشاندەرانی لوبنان داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن و بە بەرپرسیاری یەکەمی دەزانن لەکارەساتەکە.