ئیتلاعاتی ئێران: پێنج تیمی سیخوڕیمان دەستگیرکرد

11/08/2020
لۆگۆی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و ئاڵای ئەو وڵاتە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، لە پەیوەندی بە رووداوەکانی ئەمدواییەی وڵاتەکەیان، پێنج تیمی سیخوڕیان دەستگیرکردووە.

ناوەندی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەندامانی دەزگا سیخوڕییەکانی سی ئای ئەی ئەمریکا و موسادی ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی ئەورۆپی، بەکەڵک وەرگرتن لە چەندین شێوازی جۆراوجۆ و ئاڵۆزی ئیتلاعاتی، هەوڵی سیخوڕیکردنیان بەسەر پڕۆژەکانی ئەتۆمی، سیاسی، ئابوری و سەربازی و زیان گەیاندن بە ژێرخانی ئەو پڕۆژانەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە و شکستیان هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو چوارچێوەیەدا پێنج تیمی سیخوڕیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان بە کارە تێکدەرانەکانی ئەم دوواییەی ئێرانەوە هەبووە و بەنیازبوون رێگە لەبەرەپێشچوونی ئەو وڵاتە، لەبواری زانست و تەکنەلۆژیای نوێ بگرن.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دڵنیاییشی داوەتە خەڵکی وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، بەهەموو هێز و توانایەکیانەوە رووبەڕووی پیلانی دووژمنەکانیان دەبنەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا، ژمارەیەک رووداوی گوماناوی وەک ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە لە ناوچە سەربازی و هەستیارییەکانی ئێران روویانداوە، گرنگترینیشیان تەقینەوەیەک بوو لە ناوەندی ئەتومی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان، کە بە سەرەکیترین بنکەی ئەتۆمی ئێران لەقەڵەمدەرێت.

ئەگەرچی رووداوەکە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز تەقینەوەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەرنامەی ئەتۆمی بنکەکە دوادەخات و ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، بەڵام تائێستا بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل بەفەرمی ئەو زانیاریانەیان پشتڕاست یاخود رەتنەکردووەتەوە.