بەشێک لە بازرگانانی مەرزی پشتە هەڵیانکوتایەسەر کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنتڕۆڵ

12/08/2020
بەشێک لە بازرگانانی مەرزی پشتە هەڵیانکوتایەسەر کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنتڕۆڵ
فۆتۆ: فۆتۆ: هێمن میروەیس
سلێمانی

بەشێک لە شۆفێر و بازرگانانی مەرزی پشتە هەڵیانکوتایەسەر کۆمپانیای لۆکس ئەی جەی سی، کە کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنتڕۆڵە و سەرجەم ئامێر و کەلوپەلەکانی کۆمپانیاکەیان شکاند.

ئەگەرچی بەشێک لە شۆفێر و بازرگانانی مەرزی پشتە پێیانوایە بوونی کۆمپانیای لۆکس ئەی جەی سی لە مەرزەکە نایاساییە، بەڵام مەولود حەسەن جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەوان گرێبەستێکی فەرمیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر کۆمپانیاکەیان لقی لە مەرزی پشتە نەبووە بەڵام بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەیانە، دەبێت کوالێتی تەواوی ئەو خۆراک و مەوادانەی کە داخلی هەرێم دەکرێت، چێک بکرێت و پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام بەشێک لەو کەلوپەل و خۆراکانەی کە لەلایەن هەندێک لە بازرگانەکانەوە هاوردە دەکرێت، کوالێتیان خراپە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستدەکات.

وتیشی، ئەگەرچی چەندین جار بازرگانەکانمان لە هێنانی ئەو کاڵایانە ئاگادارکردووتەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون و ئەمڕۆش بەهۆی ئەوەی چەند جارێک کاڵاکانیان لەلایەن کۆمپانیاکەمانەوە رەتکراوەتەوە، هێرشیانکردووەتە سەر بینای کۆمپانیاکەمان و سەرجەم کەلوپەلەکانیان شکاندووە.