پەرلەمانی لوبنان باری نائاسایی لەبەیروت ڕاگەیاند

13/08/2020
دانیشتنەکەی پەرلەمان لەڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵدا و لە کۆشکی "یونسکۆ" بەڕێوەچوو
فۆتۆ: 

پەرلەمانی لوبنان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەیەکەم دانیشتنی لەوەتەی تەقینەوەکەی ئەو وڵاتە ڕوویداوە، باری نائاسایی لە بەیروتی پایتەخت ڕاگەیاند.

دانیشتنەکەی پەرلەمان لەڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵدا و لە کۆشکی "یونسکۆ" بەڕێوەچوو، بە تایبەت دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە بەشێکی زۆر لە لوبنانیانیەکان هاتوونەتە سەر شەقام و نیگەرانی و ناڕەزاییەکی گەورە شەقامی لوبنانی گرتووەتەوە، بەهۆی ئەو گەندەڵییە فراوانەی کە زۆربەی هەرەزۆری جومگەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

پێشتریش لەکاتی تەقینەوەکە حکومەتی لوبنان باری نائاسایی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند، کە تا ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە ئەو کات پەرلەمان ئەو بڕیارەی باری نائاسایی نەدابوو.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی لوبنان پێیان وایە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە بەیروت کۆت وبەند دروست دەکات  بۆ گردبوونەوە و ئازادی ڕادەبڕین، چونکە لەڕێگەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانەوە سوپا دەتوانێت ڕێگری لەو گردبوونەوانە بکات، کە مەترسی بۆ ئاسایش دروست بکەن و دەشتوان بچنە ناو ماڵانەوە هەر کاتێک بیانەوێت.

ئەو بڕیارەی پەرلەمانی لوبنان لەکاتێکدایە، لەوەتەی تەقینەوەکە ڕوویداوە لە کۆی ١٢٨ پەرلەمانتار ١٠ پەرلەمانتار دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی لوبنان داوای دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمان و ڕۆیشتنی سەرجەم دەسەڵاتداران دەکەن، کە تۆمەتباریان دەکەن بە گەندەڵی و بێ توانایی.