واشنتن دەستی بەسەر چوار کەشتی هەڵگری سوتەمەنی ئێراندا گرت

14/08/2020
واشنتن دەستی بەسەر چوار کەشتی هەڵگری سوتەمەنی ئێراندا گرت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئابوری

ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنی چوار کەشتیی هەڵگری سوتەمەنی ئێران رادەگەیەنێت و تارانیش رەتیدکاتەوە و دەڵێت، ئەوە شەڕێکی دەروونییە و هیچ کەشتییەکانمان لەلایەن واشنتنەوە دەستی بەسەردانەگیراوە.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا و لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، چوار کەشتی هەڵگری بەنزینی ئێران، کە بەرەوە ڤەنزوێلا بەڕێکەوتبوون، لەلایەن واشنتنەوە و بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی، دەستیان بەسەرداگیراوە.

رۆژنامەکە بەبێ ئاشکراکردنی ناوی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا، رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا کەشتییەکانی لونا، پاندی، برینگ و بەلا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان بەسەرداگیراوە و لەئێستادا لەڕێگای هۆستن لە ویلایەتی تەکزازی ئەمریکادان.

بەپێ راپۆرتەکەی رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ، پێشبنینی دەکرێت لە کاتی گەیشتنی ئەو کەشتیانە بە بەندەرەکانی تەکزاز، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەوێ ئامادە بن و پێشوازی لە کەشتییەکان بکەن.

لای خۆشیەوە حوجەت سوڵتانی باڵیۆزی ئێران لە ڤەنزوێلا ئەو هەواڵەی بە شەڕێکی دەرونی ئەمریکا وەسفکردووە و رایگەیاندووە، نە کەشتییەکان ئێرانین و نە خاوەن و ئاڵای ئەو کەشتیانەش پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە.

مانگی رابردوو، داواکاری گشتی فیدراڵی ئەمریکا داواکاریی دەستبەسەرداگرتنی چوار کەشتی هەڵگری سوتەمەنی ئێران کە بەرەو ڤەنزوێلا بەڕێکەوتبوون، رادەستی بەرپرسانی ئەمریکا کردووە.

ئەمریکا گەمارۆی خستووتەسەر فرۆشتنی سوتەمەنی ئێران و هەوڵدەدات رێگە لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران و ڤەنزوێلا بە سەرچاوە دارییەکان و ئەو کاڵایانەدا بگرێت، کە یارمەتی ئەو دوو وڵاتە دەدات پەرە بە هێز و دەسەڵاتیان لە ناوچەکە دەدات.