ئەردۆغان: تاوتوێی کشانەوەی باڵیۆزەکەمان دەکەین لە ئيمارات

14/08/2020
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی کشانەوەی باڵیۆزەکەی دەکات لەئیمارات و هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

ئەردۆغان لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی تورکیا گواستیانەوە ڕایگەیاندووە "تاوتوێی کشانەوەی باڵیۆزی تورکیا دەکەین لەئەبوزەبی و هەڵپەساردنی پەوەندییەکان لەگەڵیدا، وەک وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل".

دوێنی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماتی تەواو لەنێوانیاندا، ئەویش دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و محەمەد زاید جێنشینی ئەبوزەبی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

محەمەد زاید ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە نەخشەڕێگایەکی هاوبەشە لەپێناو بنیاتنانی پەیوەندیی دولایەنەی هاوبەش کەلەسەری ڕێککەوتوون.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هەردوو وڵات باڵێۆز ئاڵوگۆڕ دەکەن و هاریکاری یەکتر دەکەن لەبوارە جیاجیاکان، بە تایبەت ئاسایش و فێرکردن و تەندروستی.

سەبارەت بەهەڵوێستی فەرمی دەسەڵاتی فەلەستین لەسەر ڕێککەوتنەکە، نەبیل ئەبوڕدێنە وتەبێژ بەناوی مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین ڕایگەیاند، سەرۆکی فەلەستین ئیدانەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات دەکات و بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە.

ئەبو ڕدینە ڕایگەیاند، سەرکردایەتی فەلەستین ئەو هەڵوێستەی ئیمارات بە خیانەت لە قودس دەزانێت و هەنگاوێکیشە بۆ ڕوخاندنی دەستپێشخەریی عەرەبی بۆ ئاشتی.