لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا لە١٠%ی سەروەتەکەی لەدەستداوە

15/08/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی بلوبێرگ ئەمریکا ئاشکرایکرد، لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی وەرگرتووە، لە١٠%ی سامانەکەی لەدەستداوە.

ئاژانسەکە لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لەساڵی ٢٠١٥وە چاودێری داهات و قازانجی ترەمپ دەکات، سامانەکەی ترەمپ ٣ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەئیستادا کەمیکردووە بۆ دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، بە واتای بەبڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سامانەکەی کەمیکردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرمایەی ترەمپ، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەتایبەت لەبواری بازاڕی خانووبەرەدا.

نەیارانی ترەمپ کە لەڕاپۆرتەکەی بلومبێرگدا قسەیانکردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو زیانانەی بەر سەروەت و سامانی ترەمپ کەوتووە، پەیوەندیی هەیە بەو شکستەوە کەبەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە روبەڕوی بووەتەوە و لەسەرەتاوە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بەهەند وەرنەگیرا.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی ئەمریکا و دامەزراوەی یەدەکی فیدراڵی بۆ پەلەکردن لە بازرگانیکردن لەواری ئەلکترۆنیدا، هەندێک لە کەرتەکانی ئەو وڵاتە هێشتا روبەڕوی کێشە بوونەتەوە بۆ ڕزگار بوون لەدۆخی کۆرۆنا، وەک کەرتی خانووبەرە و گەشتوگوزار.

نزمبوونەوەی بەهای نوسینگەی سەرۆکی ئەمریکا لە "وۆڵ ستریت" و "بورجی ترەمپ"، گەورەترین گورز بوون بەر سامانەکەی ترەمپ کەوتووە، هاوکات یاریگاکانی تایبەت بە گۆڵف کە ترەمپ خاوەندارێتیان دەکات نرخیان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو چووە، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی سەرقاڵی ئەو یارییەن بەرەو کەمبوونەوە چووە لە ئەمریکا.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون و مردن بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خۆی لەخۆیدا گورزێکی بەهێز بووە، کەبەر کۆمپانیاکانی ترەمپ کەوتووە، بە تایبەت "ئیرک ترەمپ"ی کوڕی سەرقاڵی فرۆشتنی ئیوتێلی ترەمپە لە واشنتۆن.

بەرکەوتنی ئەو زیانە قورسە ئابوریانە کە بەر ترەمپ کەوتووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە و زۆربە دەنگدەرانی ئەمریکا پرسیاری ئەوە دەکەن، کە ئایا چوار ساڵ لەمەوبەر دۆخی ئابورییان لەئیستا باشتر بووە یان نا.