بەرشەلۆنە دەست بە گۆڕانكاریەكانی دەكات

15/08/2020
فۆتۆ: 

یانەی بەرشەلۆنە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامدەدات و سیتین و یاریدەدەرەكانی دوور دەخاتەوە و راهێنەرێكی ئەرجەنتینی بۆ شوێنی دیاری دەكات.

دوای دۆڕانەكەی شەوی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، داوایكردووە رۆژی دووشەممەی داهاتوو یانەكە كۆبوونەوەیەكی لەناكاو بكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانیەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووە، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە مەبەستیەتی هەندێك بڕیاری بەپەلە و چارەنووسساز بدات، بەهۆی ئەو دۆخەی لە یانەكەیدا دروست بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست میدیاكان كەوتووە كیكی سیتین و یاریدەدەرەكانی  لە یانەكە دوور دەخرێنەوە، سەرۆكی یانەكە و كارگێڕی پێكەوە راهێنەری نوێی دیاری دەكەن كە لە ئێستاشدا شیاوترین پاڵێوراو ماورسیۆ پۆچینتۆی ئەرجەنتینیە. 

هاوكات یانەكە لە هەوڵدایە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرشەلۆنە پێش بخرێت لە كاتێكدا لە ئێستادا بڕیارە لە بەهاری داهاتوو ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامبدرێت. 

یانەی بەرشەلۆنە لە قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگدا توشی ئەنجامێكی ئابڕووبەرانە بوو، كاتێك بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە هەشت گۆڵ بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.