نامەیەکی کراوەی (ئەلیف شەفەق) بۆ (ئەحمەد کایا)

15/08/2020
فۆتۆ: 

تۆ منت نەدەناسی. نە لە یەک شاردا هاتبووینە دونیاوەو نە لە قوتابخانەیەکدا پێکەوە خوێندبوومان، نە بە یەک زمانیش یەکەمین لایلایەو حیکایەتەکانمان بیستبوو. خێزانەکەی ئێوە زۆر بوون، خوشک و برای زۆرت هەبوون، لە کاتێکدا من بە تەنها دایکێکی بێوەژن و داپیرەیەکم هەبوو. باوکی تۆ کرێکاری کارگەیەکی قوماش بوو، باوکی من مامۆستای زانکۆ بوو، گەرچی زۆرم نەدیبوو


تۆ منت نەدەناسی. نە لە یەک شاردا هاتبووینە دونیاوەو نە لە قوتابخانەیەکدا پێکەوە خوێندبوومان، نە بە یەک زمانیش یەکەمین لایلایەو حیکایەتەکانمان بیستبوو. خێزانەکەی ئێوە زۆر بوون، خوشک و برای زۆرت هەبوون، لە کاتێکدا من بە تەنها دایکێکی بێوەژن و داپیرەیەکم هەبوو. باوکی تۆ کرێکاری کارگەیەکی قوماش بوو، باوکی من مامۆستای زانکۆ بوو، گەرچی زۆرم نەدیبوو. تۆ لەگەڵ هەژاری و نەداریدا گەورە بوویت، بەڵام ئازارەکەی من جۆرێکی تر بوو؛ ئازارێکی پەنهان بوو. زمانەکەی تۆ قەدەغە بوو، لە کاتێکدا من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو وشە و پەیڤانەدا نەبوو کە بەکارم دەهێنان.

ساڵانێک بەسەر رووداوەکەی دوانزدەی سێپتەمبەردا تێپەڕیبوو. تانکەکان بەسەر خاکی ئەم نیشتمانەدا گوزەریان کردبوو، نەماندەزانی، لەودیو شیشە ئاسنینەکانی زیندانەوە چی روودەدات. چ بەڵایەکیان بەسەر نەیارە چەپ یا راستەکاندا دەهێنا. ئەشکەنجەدانەکان چۆن روویاندا، هاونیشتمانان هیچیان سەبارەت بەمە نەدەزانی. دراوسێکەمان، پوورە حیکمەت، دڵی خۆش بوو بەوەی هەراوزەنا لە کۆڵان و شەقامەکاندا نەمابوو، چالاکییە ئەنارشیستەکان کۆتاییان هاتبوو. هەر کە کەنعان ئاڤرەن لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە دەرکەوت، رەزای بەقاڵ سڵاوی لێکرد. من بە ماوەیەک دوای ئەوە، تورکیام جێهێشت، بە مەبەستی خوێندن چووم بۆ دەرەوەی تورکیا. هەندێ کەس پێیان وایە من زۆر درەنگ تۆم ناسی، بەڵام ئەگەر لە خۆم بپرسن، ئەوا دەڵێم رێک لە کاتی خۆیدا تۆم ناسی. خوێندکاری زانکۆ بووم، رۆژێکیان دەمەدەمی زەردەپەڕ بوو، بە رێکەوت گوێم بۆ گۆرانییەک شل کردبوو، سەرەتا بەلامەوە نامۆ نەبوو، راستت بوێت، زۆر پیاوانە هاتە گوێم. بۆ منێک کە سەودای تایبەتمەندیی پیاوانەم لە ژناندا و هیی ژنانەم لە پیاواندا، تۆ دڵنیا بوویت لەوەی کێ لەسەر هەقەو کێ لەسەر هەق نییە. وەلێ من لە پەنای ئەو کەسانەدا زیاتر هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد کە مێشکیان شپرزە بوو و نیگەران بوون.

تۆ باست لە قارەمان دەکرد، بەڵام من هەڵوەدای کۆمەڵگایەک بووم پێویستی بە قارەمان نەبێت، وەکو برتۆڵت برێشتیش دەڵێت:” هیچ بە هاوڕێ مەڵێ و مەبەرە هۆی شپرزەیی مێشکم” ئەوە حاڵەتێکی زبر و مەردانەی هەبوو لای من. ئەو جەختەی تۆ لەو دێڕەتدا “بەبێ چڕینی سروود، مەرگ شایستەی ئێمە نییە” دەیکەیتەوە، منی لە تۆ دوور خستەوە. وەختێ دەتوت:” ئەی ئەڤینی رەسەنم” لە وشەی ئەڤینەکە دەگەیشتم، بەڵام سەرم لە “رەسەن”ەکە دەرنەدەکرد. کێشەم لەگەڵ ئەو وەسفانەدا هەبوو کە بەکارت دەهێنان. لێ گوێم بۆ وشەکانت شل کرد، گوێم لە بانگەوازەکەت بوو، پاشان گوێم لە گۆرانییەکەت گرت، دوای ئەویش گۆرانییەکی تر و ... کاتێک چاوم هەڵهێنا، سەیرم کرد بە کونجکاوییەوە گوێ بۆ گۆرانییەکانت هەڵدەخەم.
کەمێک لە یەک جیاواز بووین، تۆ حەزت لە راکی و پاستورمە بوو، لێ من زۆر حەزم لێیان نەبوو. ئەگەر خوانێک من و تۆی پێکەوە کۆبکردایەتەوە، لەوانە بوو گاڵتەت بە خۆراکەکانم بهاتایە، یان منت بە “کەیبانوو” یان “ئاشپەزێکی فەرەنگی”بزانیایە. منیش هەندێجار خۆشیم لە رەفتارت دەهات و ئیرەییم پێت دەبرد؛ بە تۆیەک کە هەمیشە لەسەر هەق بوویت.

وەلێ تۆ بە شێوەیەکی سەیر دڵ بەئازار بوویت و نەدەکرا ئەوە هەست پێ نەکرێ. لەژێر ئەو جلانەی بەرتەوە، منداڵێک خۆی حەشار دابوو. مرۆڤێک بوویت سەرشار لە خەم، بە دەرد و ژان ئاشنا بوویت، تۆ لە کەس نەدەچوویت. تۆ تاقانە بوویت و پیاو بوویت، سەرڕاست بوویت و قسەی دڵی خۆت دەکرد. لەو قسەیەتدا کە جارێکیان کردبووت:”نە دیاربەکر لە من تێگەیشت و نە تۆ، بەڵام من هەردووکتانم خۆش ویست” دڕکێک هەبوو کە چەقییە ناو دڵم.

وێڕای هەموو ئەمانەش، کەچی هەر ژیانت خۆش دەویست، بە ویژدان بوویت، باوەڕت بە مرۆڤدۆستی هەبوو، ئەگەر دراوسێکەت برسی بوایە، نەتدەتوانی بە سکی تێرەوە سەر بخەیتە سەر سەرین. ئەگەر خوێن لە پەنجەی کەسێک بهاتایە، تۆ ئازارت پێ دەگەیشت. خۆت دەخستە ژێر باری کاری وەهاوە، کە پەیوەندی بە تۆوە نەبوو. چونکە بەرگەی ستەم و ناعەدالەتیت نەدەگرت. هەر بۆیە هەرگیز لەگەڵ ئەو قسەیەدا تەبا نەبوویت، کە دەڵێت:”هەر کەسە هەقی بەسەر کاری خۆیەوە هەیە”. ئاوازی دەنگت لە دڵمدا دەنیشت. ئەوەم بەلاوە گرنگ نەبوو کە هەندێجار لەگەڵ قسەکانتدا نەبووم. تۆ “پیاوی باران و زریان” بوویت. تۆ هێندەی وتنی “من بۆ شەڕی دونیا دەچم” سەرچڵ بوویت. من لە تۆوە فێر بووم بڵێم “نووری چاوم.” 

ساڵانێک تێپەڕین. بۆ ساتێک لە تەلەفزیۆندا دەنگی “هووها”و هەڵدانی چەقۆو چەتاڵ و دروشم وتنەوە... چ شتێک ببووە هۆی ئەو هەموو ناڕەزایی و توندوتیژییە؟! چی دەبوو گەر ڤیدیۆیەکت بە زمانی کوردی تۆمار بکردایە؟ دەتوت باهۆزێک هەڵیکردبوو، ئەقڵ کۆچی کردبوو. نۆرەی توندوتیژی بوو. تۆ بە خاکەکەی خۆتەوە وابەستە بوویت. گەرچی دەتوت:”شەو من دەناسێ، هەندێجار دەمێنمەوە و هەندێجار دەڕۆم”. کەچی هەر مانەوەت هەڵبژارد. هەست دەکەم هەموو خوو و خدەکانت لایەنێکی مرۆییان هەبوو. هاوڕێیەتییەکانی جاران، سفرە ئاشناکان، هەستکردن بۆ بەردەوامی. دیارە مردن لە مەنفادا مایەی ئازار بووە بۆ دڵت. ئاخر بۆچی ئەو وڵاتەی کە تا ئەو رادەیە خۆشت ویست، هێندە ئازاری دایت؟! سەیر لەوەدایە کەس وەڵامی ئەم پرسیارە نازانێت. ئێستا نازانم لەو سەرەوە چۆن ئێمە دەبینیت؟ بەڵام هەواڵەکانمان زۆر دڵخۆشکەر نین. تەنانەت لەو تۆزە دیموکراسییەش کە بەدەستمان هێنابوو، پاشەکشێمان کردووە، بە خێراییەکی زۆریش. ئەوەتانێ دووبارە رەوایەتی بە سزای لە سێدارەدان دراوەتەوە. تۆیەک وتبووت:”ئەی باڵندەکان، بەرەو زێدی من لە شەقەی باڵ بدەن، ئەوەتانێ لەسەر چیاکانم گوڵە ئەرخەوان شکۆفەیان کردووە”، گوڵە ئەرخەوان نا، ئێستا هەراو پێکدادانێکی سەیرە. دیموکراسییەکەمان بەرەوە نابووتی دەڕوات. بۆچی ناتوانین ببینە وڵاتێک، کە ژیان پیرۆز رابگرێت و تازە ناشتوانین ببین؟

***

ئەم نووسینەم لە ساڵڕۆژی مەرگی هونەرمەندی گرانقەدر “ئەحمەد کایا”دا نووسی، کەسێک کە لە هیچ کەسێک نەدەچوو، لە دەستدانی مایەی کەسەرێکی گەورە بوو. ئەو مامۆستا هونەرمەندە وتبووی: “ئەوەی بۆ ئێمە مایەوە، چڵک و ژەنگ‌و تەپوتۆز بوو، هاوڕێکانمان تیاچوون، ترسی نەمان باڵی بەسەر بوونماندا کێشاوە”. خۆزیا لەم وڵاتەدا، کوردو تورک، سوننەو شیعە، موحافزکارو سۆسیال دیموکرات، ژن و پیاو، بیانتوانیبایە لەوپەڕی ئارامی‌و ئاشتی و دیموکراسیدا، پێکەوە بژیابانایە. پەنجا ساڵی تر، هیچکام لەم ناکۆکی و نەیاریانە مانای نامێنێت، بەڵام ئەو مرۆڤانەی تیاچوون، ئیتر بۆ هەرگیز ناگەڕێنەوە.

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
سەرچاوە:
فکر نکن تنهایی، الیف شافاک
ترجمه: صابر حسینی
انتشارات مروارید، چاپ اول ٢٠١٩ ، تهران