ئەمریکا راهێنان بە 2200 ئەندامی هەسەدە دەکات

15/08/2020
ئەمریکا راهێنان بە 2200 ئەندامی هەسەدە دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
رۆژئاوای کوردستان

بەمەبەستی پاراستنی مەیدانە نەوتییەکان، ئەمریکا راهێنان بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی ئەو چاڵە نەوتانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەشق و راهێنان بە دوو هەزار و ٢٠٠ ئەندامی ئەو هێزانە دەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەرپرسانی ئەمریکی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەووڵەتی دژبە داعش لەو بڕوایەدان کە ئامانج لە دروستکردنی هێزە لۆکاڵییەکان و مەشق پێکردنیان، پاراستنی مەیدانە نەوتییەکانە و ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی کە داعش، لە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بێبەش ببێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشبینی دەکرێت، رۆژانە لانیکەم ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچانە بەرهەمبهێنزێت کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دان و بەوەش یەک بۆ سێ ملیۆن دۆلار داهاتی ڕۆژانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزانە.

دووهەفتە پێش ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد و ھەنگاوەکەش بە ئاگاداری و ھاندانی واشنتن بووە .

بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرھەمھێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت .

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ، کە بەئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بووە، ئەوەش بەبۆچوونی شیکەرەوان مانای داننانی واشنتنە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  و ماناوەی ئەمریکایە لە ناوچەکە.

ئەو رێککەوتنەش کاردانەوەی سوریا و تورکیا و ئێرانی لێکەوتەوە و هەر سێ وڵات ڕیککەوتنەکەیان بە پێشێڵکردنی سەروەری خاکی سوریا لەقەڵەمدا و بەتوندی ئیدانەیان کرد.