مستەفا هیجری: حیزبی دیموکرات لەگەڵ گەشەی کۆمـەڵگادا نەیتوانیوە پەروەردەی کادرەکانی بکات

15/08/2020
فۆتۆ: 

سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند پێ بەپێی گەشەی کۆمەڵگا و گۆڕانکاری، حزبەکەی نەیتوانیوە پەروەردەی کادیرەکانی بکات ئەوەش یەکێکە لە کەموکوڕییەکانیان

مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حزبی دیموکراتی ئێران لە وتارێکدا بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیەوە نوسیویەتی"نەبوونی ئیمکان و دەرفەتی پەیوەندیی زیندوو و بەڕۆژ لەگەڵ ژینگەی ڕۆژهەڵات و هەروەها دۆخی سەرکوت و هەلومەرجی سەخت و دژواری خەبات، بوونەتە هۆکار تاکوو لە چەند قۆناغێکدا گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا کەمتر و درەنگتر لە بەرنامە و پێکهاتەی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزبدا ڕەنگ بداتەوە.

مستەفا هیجری باس لەوەش دەکات" ڕوانینی کراوە و هزری ڕەخنەگرانە بۆ مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکرات، فەزیلەتێکی فکری و زەروورەتێکی پەروەردەییە بۆ بەخۆداچوونەوە و بەڕۆژکردنی سیاسەت و بەرنامەکانمان.

لێپرسراوی حزبی دیموکراتی ئێران ئاشکراشیکردوە، شەهیدکردنی سەرکردە و رێبەرانی حزبی دیموکرات بڵێسەی ئاگری خەباتی رۆژهەڵاتی بە تینترو گەرمترکردوە و، سەرەڕای کەموکوڕییەکان ئێستاش حزبی دیموکراتی ئێران، هەر جێگای هیوای زۆربەی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵات.

ئەوە لەکاتێکدایە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ٧٥ ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە، بەڵام چەند ساڵێکە حزبێکی دیکەی بەناوی حزبی دیموکراتی کوردستان لێ جیابوەتەوە و هەردووکیان خۆیان بە خاوەنی شەهید و پێشمەرگە و خەباتی ڕابردوویان دەزانن.

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و بەرپرسانی هەردوولاش داوای یەکگرتنەوەی هەردوو حزبەکە دەکەن بەڵام لە کرداردا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە.