سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران هۆشداری دایە ئیمارات

16/08/2020
فۆتۆ: 

فەرماندەی دەستەی ئەرکانی گشتی ئێران هۆشداری دایە ئیماراتی عەرەبی و ڕایگەیاند، ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بکرێتە ئامانج ئیمارات لێی بەرپرسیارە، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردووەتەوە.

محەمەد باقری فەرماندەی دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای ئێران ڕایگەیاند "مامەڵەمان لەگەڵ ئیماراتدا بەشێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕێت و هێزە چەکدارەکانی ئێران بەگوێرەی هاوکێشەیەکی نوێ مامەڵە لەگەڵ ئیماراتدا دەکات، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا  ئاسایی کردەوە".

فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئامۆژگاری ئیمارات دەکەین، کە پێداچوونەوە بکات بەبڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەر لەوەی کار لەکار بترازیت.

هۆشداری ئەوەشی دایە ئیمارات و وتی "بەهیچ شێوەیەک دان بەخۆماندا ناگرین ئەگەر بێتوو ئاسایشی نەتەوەییمان لە کەنداودا بکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئیمارات بە بەرپرسیار دەزانین لە هەر ڕوداوێک کە ڕووبدات".

لە کۆتایی وتەکانیدا باقری جەختیکردەوە، ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل کارەساتێکی مەزنە و شەڕەنگێزانەیە بەهەموو پێوەرێک.

لەبەرانبەر ئەو هۆشداری و هەڕەشانەی لێپرسراوانی ئێران، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕێکخەری کاروبرای ئێرانی لەئەبوزەبی بانگهێشتکردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی رادەستکردووە، سەبارەت بە وتارەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانن سەبارەت بە بڕیارەکانی سەروەریی دەوڵەتی ئیمارات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوەشکردووە، گوتاری دژایەتیکردن، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێت، دەستوەردانە لەکاروباری ئیمارات، چونکە بابەتەکانی پەیوەندیی و رێککەوتن و پەیماننامەکان لەنێوان وڵاتاندا بابەتێکی سەروەرییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە بەناوبژیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، گوایە ئیسرائیل بەڵێنی ئەوەشی داوە بە ئیمارات کە هیچ خاکێکی دیکەی فەلەستینییەکان نەخاتە سەر خاکی ئیسرائیل.