کوڕە ئاکتەرێکی کورد خەڵاتی چەژنی حافز وەردەگرێت
خەڵاتەکانی ساڵانەی حافز لە ئێران دابەشکران و ئاکتەرێکی کورد خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاوی وەرگرت
لە مەڕاسیمی جەژنی ساڵانەی حافزدا ئاکتەری بەناوبانگی سینەمای ئێرانی (نەوید محمەدزادە) خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاوی وەرگرت بۆ فیلمی (سورپێست) کە خەڵاتێکی بەناوبانگە و ساڵانە دەبەخشرێتە ئاکتەر و دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ژمارەیەکی کەم لە هونەرمەندان ئامادەبوون.
نەوید جگە لەم خەڵاتە پێشتر چەندین خەڵاتی ناوەوەی ئێران و جیهانی وەرگرتووە و لە میانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیشدا وەکو میوان بانگێشت کراوە و خەڵاتی پێبەخشراوە، ئەویش بە ئامادەبوونی لە ناو کوردانی باشووردا خۆشحاڵی نیشانداوە و بە برا ناویهێناون .
ئەم ئاکتەر دیارەی سینەمای ئێرانی بە ڕەچەڵەک کوردە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی شاری ئیلامە، لە کاتی بانگێشتکردنیشدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاو لە جەژنی حافزدا بە (پڵنگی کورد) ناویهێنرا .
ئەم ئاکتەرە ناوبانگێکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی هەیە و لە چەندین کاری شانۆیی و فیلمی سینەماییدا ڕۆڵی گێڕاوە و بۆ هەریەکێکیشیان بۆتە مایەی سەرنجی بینەران و ڕەخنەسازانی بواری نواندن .
ساڵی پاریش فیلمی (مەتری شەش و نیو) کە ئەو ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت لە شاری سلێمانی نمایشکرا و بینەرێکی بەرچاوی هەبوو .
|