بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك ئاگاداریەكی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتیان دەكات

17/08/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی، داوا لە هاوڵاتیان دەكات پسوڵەی خۆراكی پێشوویان بگێڕنەوە بۆ بریكارەكانی خۆراك بۆ ئەوەی پسوڵەی نوێی خۆراك دابەش بكەن و دەشڵێت هەركەسێك پسوڵەی كۆن نەگێڕێتەوە پسوڵەی نوێی پێنادرێت.

یاسین مەحمود، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پسوڵەی خۆراكی ساڵی 2021 دەمانەوێت ئاگاداری هاوڵاتیان بكەین كە پێویستە هاوڵاتیان پسوڵەی خۆراكی پێشوو بگێڕنەوە  بۆ ئەوەی پسوڵەی نوێ وەربگرنەوە.  

ئەو ئاماژەی بەوە كرد وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاگاداری كردوینەتەوە كە هەركەسێك پسوڵەی خۆراكی ساڵی پێشووتری نەگێڕابێتەوە پسوڵەی خۆراكی نوێی پێنادرێت، بەڵام بەهۆی نەگێڕانەوەی پسوڵەی خۆراكەكان ناتوانین پسوڵەی نوێ دابەشبكەین. 

ناوبراو راشیگەیاند، ئێمە دوای وردبینی لە پسوڵەی خۆراكەكان بۆمان دەركەوتووە خەڵكێكی كەم پسوڵە كۆنەكانیان گێڕاوەتەوە، بەوهۆیەوە نەمانتوانیوە پسوڵەی 2021 دابەش بكەین. 

ئەو تكای لە بریكارەكان كرد دوكانەكانیان بكەنەوە و هاوڵاتیان ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی پسوڵە خۆراكە كۆنەكان وەربگرنەوە و دواتریش پسوڵەی نوێ دابەشدەكرێت، هەركەسێك پسوڵەی كۆنەی نەگێڕابێتەوە پسوڵەی نوێی پێ نادرێت بۆ ئەوەش هاوڵاتیان خۆیان بەرپرسیارن.