ئیمارات: ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران نییە

17/08/2020
فۆتۆ: 

ئەنوەر قرقاش وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل، بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئیماراتە و بەهیچ شێوەیەک دژی ئێران بێت.

لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر قرقاش ڕایگەیاند "ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، بڕیارێکی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیەتی و بەهیچ شێوەیەک دژی ئێران نییە، هەروەها قبوڵیش ناکەین کەس دەستبخاتە بڕیارەکانمانەوە و هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەکیش ڕەتدەکەینەوە".

ئەو وتانەی وەزیری کاروباری دەرەوەی  ئیمارات لەکاتێکدایە، دوێنی ئەبوزەبی، بانگهێشتی ڕێکخەری کاروباری دیپلۆماتی ئێرانی کرد لە وڵاتەکەی و یاداشتێکی ناڕەزایی توندی ڕادەستکرد، لەسەر وتەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، کەڕایگەیاندبوو، ئیمارات بەئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەڵەیەکی کارەستباری کردووە، ڕۆحانی ڕێککەوتنەکەی بە خیانەت ناوبردبوو.

مەترسی ئێران لەئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە وا سەیر دەکرێت بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی روبەڕوبوونەوەی تارانە لەناوچەکەدا ، چونکە هەندێک لەدەولەتانی کەنداو و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەسەرچاوەی مەترسی هەرە گەورەی دەزانن لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوێنێش محەمەد باقری فەرماندەی دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای ئێران ڕایگەیاند "مامەڵەمان لەگەڵ ئیماراتدا بەشێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕێن و هێزە چەکدارەکانی ئێران بەگوێرەی هاوکێشەیەکی نوێ مامەڵە لەگەڵ ئیماراتدا دەکات، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا  ئاسایی کردەوە".

ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە بەناوبژیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، گوایە ئیسرائیل بەڵێنی ئەوەشی داوە بە ئیمارات کە هیچ خاکێکی دیکەی فەلەستینییەکان نەخاتە سەر خاکی ئیسرائیل.