ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 22 ملیۆن كەسی تێپەڕكرد

18/08/2020
فۆتۆ: 

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا 22 ملیۆن كەسی تێپەڕ كرد و نزیكەی 15 ملیۆن كەسیش لە ڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە ئەمریكا زۆرترین ژمارەی توشبوونی لە جیهاندا تۆماركردووە.

بە گوێرەی دواین ئاماری فەرمی دەوڵەت و هەرێمە فەرمیەكانی جیهان تا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان 22 ملیۆن و 52 هەزار و 763 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لە نێویاندا 777 هەزار و 470 كەس گیانیان لەدەستداوە. 

ڤایرۆسەكە لە ئێستادا لە 215 هەرێم و دەوڵەتی جیهان تۆماركراوە و كۆی گشتی ئەوانەی چاكبوونەتەوە گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 795 هەزار و 803 كەس، تا ئێستا زۆرترین ژمارەی مردن بە ڤایرۆسەكە لە رۆژی 17ی نیسان بووە كە هەشت هەزار و 563 كەس گیانیان لەدەستداوە زۆرترین ژمارەی تووشبوونیش لە رۆژی 31ی تەمموز بووە كە 291 هەزار و 240 كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون كە تا ئێستا هیچ رۆژێك ئەو ژمارە تووشبووە تۆمار نەكراوە. 

بە گوێرەی ئامارە فەرمیەكان لە ئێستادا دۆخی 62 هەزار و 53 كەس ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری چڕدان كە ئەوەش 1%ی كۆی ژمارەی ئەو كەیسانە دەكات كە لە ئێستادا لەژێر چاودێریدا ماونەتەوە. 

لە ئێٍستادا چین كە بۆ یەكەمجار ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبۆیەوە لە ریزبەندی 34 هەمین وڵاتی جیهاندایە لە زۆری ژمارەی تووشبووان تەنها 84 هەزار و 871 تووشبووی هەیە، عێراقیش لە ریزبەندی 21 هەمین وڵاتی جیهاندایە لە زۆری ژمارەی تووشبوواندا كە 180 هەزار و 133 تووشبووی هەیە. 

لە هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێم 21 هەزار و 660 تووشبوو تۆماركراوە كە لە ئاستی جیهاندا ئامارەكانی هەرێم دەكەوێتە ناو ئامارەكانی عێراقەوە.