دادگای نێودەوڵەتی تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری ئاشکراکرد

18/08/2020
فۆتۆ: 

دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان ڕایگەیاند، حزبوڵای لوبنان و سوریا تێوەنەگلاون لە روداوی تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان.

دادگاکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند "بۆی دەرکەوتووە، ئەو خۆکوژەی کە کردەوە خۆکوژییەی تایبەت بە تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان ناوی (ئەبو عەدەس)ە و هیچ بەڵگەیەک نییە لە تێوەگلانی حزبوڵای لوبنان و سوریا لەڕوداوەکەدا".

دەیڤید ڕای دادوەری دادگاکە لە کاتی خوێندنەوەی حوکمی دادگاکە ڕایگەیاند، بابەتی کێشەکە پشتی بەستبوو بە بەڵگەی پەیوەندییەکان و لێکۆڵەرەوەکانیش سەری ملیۆنان پەیوەندی تەلەفۆنیان کردووە، بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەکان و وردبنیکردنیان، کە لەکاتی تیرۆرکردنەکەدا لە دەوروبەری شوێنی ڕوداوەکە و دەوروبەری پەرلەماندا قسەیان پێکراوە.

دادوەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تیرۆرکردنی حەریری پرۆسەیەکی تیرۆریستی بووە و ئامانجی سیاسی لەپشتەوە بووە.

دادگاکە چوار کەسی تۆمەتبار کردووە بە پلاندانان بۆ هێرشەکە، کە بووە هۆی تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری و ٢١ کەسی دیکەش.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکەدا، کە تەرخانکرابوو بۆ دەرکردنی بڕیاری دادگا، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشوو کوڕی ڕەفیق حەریری ئامادەی دادگاییکردنەکە بوو.

لە کۆتایی دادگاییکردنەکەدا لەو چوار تۆمەتباری کە تۆمەتی تیرۆرکردنەکەیان دراوەتە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە ( سەلیم جەمیل عەیاش و حەسەن حەبیب مەرعی و حسین حەسەن عنیسی و ئەسەد حەسەن سەبرا)، دادگای سەلیم حەمیل عەیاشی تاوانیار کرد و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی بێ تاوان ناساند.

دوای کۆتایی هاتنی بڕیاری دادگاش، سەعد حەریری کوڕی ڕەفیق حەریری ڕایگەیاند، ئەوا بڕیارەکەی دادگا  پەسەند دەکەن، بەڵام سازش لەسەر خوێنی قوربانییەکان  ناکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی ئەم تیرۆرکردنە بریتی بووە لە گۆڕینی ڕووی شارستانی و ئاوەدانی لوبنان و دروستکردنی پشێوی لە لوبناندا.

ڕەفیق حەریری کەسایەتیەکی سیاسی و سەرمایەدارێکی دیاری جیهان بووە و لە ساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە و لە١٤ شوباتی ٢٠٠٥ لە تەقینەوەی ئوتۆمبێلێکی بۆمبڕیژکراودا لە بەیروت تیرۆر کرا.

بەسەرمایەی خۆی ڕۆڵێکی گەورەی بینیووە لە ئاوەدانکردنەوەی لوبناندا.