ئێران داهاتی ئاوی سیروان و زێی بچوکی کرد بە سفر

18/08/2020
بەشێک لەڕێڕەوی ئاوی ڕوباری سیروان
فۆتۆ: 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێران بەشە ئاوی هەرێمی لە هەردوو ڕوباری سیروان و زێی بچوکی کرد بە سفر و بەهۆیەوە سەدان هەزار ماسی لەناوچوون.

وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ساڵی سێهەمە لەسەریەک لە وەرزی هاوین و لەناوەڕاستی مانگی ئابدا ئاوی هەردوو ڕوباری سیروان و زێی بچوک لەسەر هەرێم دەگرێتەوە.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کردارە پێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەکی نێودەوڵەتییە و ئاوی ڕوبارە هاوبەشەکان، موڵکی هەردوو خەڵکی عێراق و ئێرانە و بەتەنها مافی هیچ کام لەو وڵاتانە نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕوبارە لەسەر هەرێمی کوردستان جگە لەوەی بەهۆیەوە سەدان هەزار ماسی لەناچوون، زیانێکی زۆریشی بە جووتیارانی ئەو ناوچانە گەیاندووە و زۆربەی بەرهەمەکانیان وشک دەبن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئاماژە بەوە کراوە، ناڕەزایی خۆیان لەو هەڵوێستە ی ئێران دەردەبڕن و وەک سزایەکی لەقەڵەم داوە بۆسەر خەڵک و جوتیارانی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆش وەزیری کشتوکاڵ بابەتەکەی لەگەڵ گەیلان پور بریکاری وەزیری کشتوکاڵی ئێران تاوتوێکردووە، داواشی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە ئەو بابەتە لەگەڵ ئێران باس بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر.