ئێران دوو موشەکی بەناوەکانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس دروستکرد

20/08/2020
ئێران دوو موشەکی بەناوەکانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس دروستکرد
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئێران
تاران

حکومەتی ئێران پەردەی لەسەر دوو جۆر موشەکی بالیستی بەناوەکانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس لادا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی٨ی٢٠٢٠، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار و ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران، پەردە لەسەر دوو جۆر موشەکی بالیستی بەناوەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لادراوە.

قاسم تەقی زادە جێگری وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، "موشەکی شەهید قاسم سلێمانی، زەمین بە زەمینە و توانای لێدانی ئامانجەکانی بەدووری ١٤٠٠ کیلۆمەتر هەیە". هەروک موشەکی ئەبومەهدی موهەندسی بە موشەکێکی دەریایی لە جۆری کروز و دوورمەواد وەسفکرد.

نمایشکردنی ئەم دوو موشەکە بەناوەکانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس لەکاتێکدایە، کە ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا لە پەرەسەندندایە و بڕیارە بەمنزیکانە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی داواکاری وڵاتەکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکان دژبە بەرنامەی موشەکی ئێران، بچێتە بارەگای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک.

بەپێی پڕۆژەبڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان، گەمارۆکان دژبە بەرنامەی موشەکی ئێران نزیکەی دوو مانگی تر کۆتاییدێت.