روسیا زانیارییەکانی لەسەر ڤاکسینەکەی پێشکەش بە تەندروستی جیهانی کرد

21/08/2020
فۆتۆ: 

حکومەتی روسیا بە رەسمی سەرجەم زانیارییەکانی لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و سەلامەتی ڤاکسینەکە پێشکەش بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد.

کیریل دیمیتریڤ سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی روسیا ڕایگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانی زانیاری لەسەر ڤاکسینەکە نەبوو،بەڵام ئیمە هەموو زانیارییەکانمان بۆ ناردون بۆ ئەوەی دڵنیا بنەوە.

وتیشی دڵنیام کاتێک بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی زانیارییەکان دەزانن هەڵوێستان دەگۆرێت و هەڵسەنگاندن دەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوو ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی روسیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بۆ یەکەمجار توانیویەتی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت.

جگە لە روسیا کۆمپانیایەکی چینیش ڕەزامەندی دروستکردنی ڤاکسینی وەرگرتووە و هەریەکە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکیش سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینن دژی کۆرۆنا.