دەمیرتاش لە زیندانەوە پڕۆژەیەكی چارەسەری بۆ توركیا بڵاوكردەوە

21/08/2020
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لە زینداندا
فۆتۆ: فۆتۆ: تویتەری دەمیرتاش

هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە لە زیندانەوە پڕۆژەیەكی بۆ دۆخی توركیا راگەیاند و داوا دەكات بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێٍتای وڵاتەكە رێكەوتنی دیموكراسی ئەنجامبدرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پڕۆژەیەكدا كە بە زمانی توركی بڵاویكردووەتەوە داوا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەكات رێكەوتنێكی دیمكراسی ئەنجامبدەن. 

لەو پرۆژەیەدا كە بە ناوی "ئیتتیفاقی دیموكراسی"  بڵاویكردووەتەوە ئەو سەركردە كوردە دەستگیركراوە دەشڵێَت : بەلامەوە زۆر گرنگە نەك بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر و لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی ئاكپارتی، بەڵكو بۆ ئەوەی كۆمەڵگا داهاتووی خۆی لەسەر هێڵێكی دیموكراسیانە بنیادبنێت.

 ئەو پێیوایە ئەوانەی پێیاوایە دەسەڵاتی ئاكپارتی بۆخۆی دەگۆڕێت هەڵەیە پێشیوایە: تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی توركیای تێدایە پێویستی بە پێكهێنانی ئیتیفاقێكی دیموكراسیی بنكە فراوان هەیە. 

ئەو نۆ خاڵی وەك بنەمای رێكەوتنەكە ئاشكراكردووە و تیایدا دەڵێت: 

- دانانی دەستوورێكی هاوچەرخ
- گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن بۆ پەرلەمانی بەهێز
- پێكهێنانی دەستپێشخەرییەكی سیاسی بۆ دەستەبەركردنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بەیەكجاریی كۆتاییهێنان بە هەموو جۆرێكی توندوتیژیەك. 
- گەرەنتیكردنی سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری توركیا
- رێكخستنەوەی سیستەمیی باج بە شێوەیەكی دادپەروەرانە
- دۆزینەوەی ریچگەچارەی كارا بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی
- دەستبەركردنی یەكسانی ناسنامەی ژن
- گەرەنتیكردنی ئازادی میدیا و رادەربڕین و مافی خۆڕێكخستن و خۆپێشاندان
- دەمەزران لەسەر بنەمای كەسی شیاو دوور كەوتنەوە لە خزمایەتی و پارتایەتی. 

دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی 2016  لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەی پارتەكەیدا دەستگیركرا و  لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندكراوە، لە سەرەتای دەستگیركردنیدا بە چەند دۆسیەیەكی جیاواز داوای زیندانیكردنی بۆ ماوەی 150 ساڵ بۆدەكرا، تا ئێٍتاش دەسەڵاتی دادوەری توركیا ئامادە نیە ئازادی بكات.