تورکیا کاروانێکی دیکەی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا دەکڕێت

23/08/2020
فۆتۆ: 

کۆمپانیای "ڕوس ئاوبۆرۆن ئاکسپۆرت"ی ڕوسی ئاشکرایکرد، تورکیا و ڕوسیا گرێبەستێکی دیکەیان ئیمزا کردووە، سەبارەت بە هاوردەکردنی کاروانێکی دیکەی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی دژە ئاسمانی.

ئەلیکسەندەر میخییف بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا و لە پێشانگای (army 2000 ) ڕایگەیاند، گرێبەستەکە ئیمزا کراوە، لەئێستادا لەگەڵ لایەنی تورکی لەگفتوگۆدان، لەسەر چۆنیەتی دابینکردنی پارەی گرێبەستەکە.

لەبەرامبەریشدا ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی پیشەسازییەکانی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، مۆسکۆو ئەنکەرە گەیشتوونەتە ڕێککەوتوون، سەبارەت بە هاوردەکردنی کاروانی دووەمی موشەکی جۆری ئێس ٤٠٠ی دژە ئاسمانی.

هەر لەسەرەتای ئیمزاکردن و هاوردەکردنی موشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی، واشنتۆن نیگەران بووە و، داوای لە ئەنکەرە کرد، دەستبەرداری کڕێنی ئەو جۆرە موشەکە ڕوسیە ببێت و سیستمی موشەکی پاترۆیتی ئەمریکی بکڕێت.

لەبەرامبەر سوربوونی تورکیا  لەسەر کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی، ئەمریکا هەرەشەی هەڵوەشاندنەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ی وڵاتەکەی کرد بە تورکیا و سەپاندنی چەند گەمارۆیەک بەسەر تورکیادا.

بەهۆی ئەو سەودایەی نێوانی مۆسکۆ و ئەنکەرەوە، لەئێستادا واشنتۆن پرۆگرامی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە تورکەکانی لەسەر فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ ڕاگرتووە.