مردن بەکۆرۆنا لە سلێمانی لەهەڵکشاندایە

23/08/2020
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی ١١ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ماوەیەک بوو رێژەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانی کەمیکردبوو و دوێنێش هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لەو شارە گیانی لەدەستنەدابوو.

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی٨ی٢٠٢٠، ٣٠ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون.

روونیشیکردووەتەوە، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ پێنج تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید هێمن ١٧ تووشبوو و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ هەشت تووشبووی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ ١١ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئاسا و شەهید ئاسۆ و شەهید هێمن گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ٢١ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٩٤ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٤ هەزار و ٧٩٤ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٩٠٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٤ هەزار و ٨٨٥ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.