نرخی نەوت لەمڕۆدا لە بازاڕەكانی جیهان

24/08/2020
فۆتۆ: 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 44 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 42 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.


ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ یەكشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 44 دۆلار و 34 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە42 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، ماوەی دوو رۆژە نرخی نەوت بە نزیكەیی جێگیرە و گۆڕانكاریەكی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە. 

نەوت لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی رابردوو بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان دەگەڕێتەوە لە جیهان دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، بەشێكی دیكەشی بۆ رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس دەگەڕێتەوە كە ئاستی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی سنورداركرد.

وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە سەركردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێككەوتن بۆ هاوسەنگكردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێكڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكەنەوە. بڕیارەكە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی مانگی تەممووز كاری پێكرا.