وەزارەتی دارایی عێراق: پابەندین بە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە

24/08/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوونی خۆی بە ئەرکە دەستوریەکان و چاکسازی ئابوری و دارایی گشتی ڕاگەیاند، لەناویشیاندا پابەندبوونی بەرامبەر بە مافە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠دا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ڕایگەیاندووە، بێ بوونی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی پابەندبوونی خۆی نیشان دەدات بەرامبەر بە ئیدارەدانی دارایی گشتی و چاکسازی ئابوری و دارایی، لەناویشیاندا پابەندبوون بە مافە دارا ییەکان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک حکومەت لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ دەستبەکار بوو ڕایگەیاند، پەلەناکات لە داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠، تا ئەو کاتەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان جێگیر بێت لەپێناو  زانینی داهەتەکان بەشێوەیەکی ڕوون.

وەزارەتی دارایی ڕوونیکردووەتەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی دروستکردنی بارگرانیەکی تر بەسەر خەرجییەکانی دەوڵەت و ئەو زیادانەی کە چوونەتە سەر موچەی گشتی، ئەویش بەهۆی پابەندبوونەکانی کابینەی حکومەتی پێشوو لەبواری دامەزراندن و هێزی کار.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا حکومەت رەزامەندی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆسەر حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەحاڵەتی کتوپڕ و بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، کە ماوەی چەند مانگێک بوو موچەیان وەرنەگرتبوو.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو کۆمەکە پابەندکرابوو بە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکان بەچەند خولێک دەستیان پێکرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، لەبەر ڕۆشنایی پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان  هەردوولا و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکە وەزارەتی دارایی هیچ بڕەپارەیەکی دیکەی لە مانگی نیساندا ڕەوانەی هەرێم نەکرد، بەوهۆیەشەوە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان خراپبوو، بۆیە جارێکی تر حکومەتی هەرێم داواوی کۆمەکی دارایی کرد، بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژی ١٥/٨/٢٠٢٠ سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر حەوت خاڵ ڕێککەوتن، لەسەر ئەو بنەمایەش وەزارەتی دارایی بۆ مانگی ئاب لەڕۆژی ١٧ی مانگدا بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری دیکەی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق جەختیکردووەتەوە، پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بێت لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە کاتییەکانی تایبەت بە گومرگ و داهاتەکانی نەوتی هەرێم و پابەندبوونی هەرێم بە ڕێککەوتنامەی  (ئۆپیک پڵەس) و یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی بانگی بازرگانی عێراق، کەپێویستە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا جێبەجێ بکرێت.

ئاشکراشیکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی یەک تریلیۆن و ٣٦٠ ملیار دیناری لە سەردەمی حکومەتی پێشوو و ئەم کابینەیەش بڕی ٧٢٠ ملیاری دیکە ڕەوانە کراوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە دوو تریلیۆن و ٨٠ ملیار دینار.

بڕیاریشە پڕۆژە یاسای بودجە لە کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو پەسەند بکرێت، ئەو کاتە بڕی کۆمەک و شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت، ئەگەر هاتوو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند کرا، ئەو کاتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەکی دارایی هەرێم دەکات.

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتیى دارایی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەستپێبکاتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق سورە لەسەر ناردنی نیوەی داهاتی گومرگ و داهتتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی