زانیاری نوێ دەربارەی ئەو کەسانەی لە دهۆک و زاخۆ دەستگیرکران

24/08/2020
حەمدی بەرواری سەرۆکی لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
فۆتۆ: فۆتۆ: مازن شنگالی
دهۆک

سەرۆکی لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ چالاکوان و رۆژنامەنوس لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، حەمدی بەرواری سەرۆکی لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، بەهاوکاری لەگەڵ تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانە دەکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ٥٠ کەس لە مامۆستا و رۆژنامەنوس و فەرمانبەر و چالاکی مەدەنی بەتۆمەتی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ٥٠ کەسیان ئازادنەکراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوایان لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەزوترین کات سەرجەم ئەو کەسانە ئازادبکەن، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون.

راشیگەیاند، بڕیاری مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان یاساییە و دەستگیرکردنیان ڕەوا نییە.

سەرۆکی لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هیواشیخواست، دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای دهۆک ڕۆڵێ خۆیان بەباشی بگێڕن و لەوبارەیەوە باشترین بڕیار بدەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، دژی نەبوونی مووچە و گەندەڵی، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە هەندێک شوێن گرژی و ئاڵۆزی لێکەوەتەوە، لە زاخۆ و دهۆکیش هێزەئەمنییەکان هەڵمەتێکی ڕەشبگیریان دەستپێکرد و ژمارەیەکی زۆریان لە مامۆستا و ڕۆژنامەنوس و چالاکوان دەستگیرکرد.