ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێكکەوتن

26/08/2020
ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێكکەوتن
فۆتۆ: 
تاران

ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئێران بەشێوەیەکی خۆبەخش رێگە بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەدات، سەردانی دوو بنکەی ئەتۆمی بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێکەوتننامەیەکیان ئیمزاکردووە کە گەرەنتی باشتر جێبەجێکردنی پڕۆژەبڕیاری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دابیندەکات.

بەپێی رێککەوتنەکە ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سەردانی دوو بنکەی ئەتۆمی بکەن، کە یەکێکیان لەنزیک ناوچەی شەهرزای پارێزگای ئەسفەهانە و ئەوەی دیکەیان لە نزیک تارانی پایتەختە.

هەر بەپێ بەیاننامەکە، ئەو دوو لایەنە لەسەر کاتی لێکۆڵینەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەو دوو بنکە ئەتۆمییە، رێكکەوتوون بەڵام کاتەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە.

هاوکات هەر دوولا رێککەوتون کە هەرچی زیاتر پەرە بەهاوکارییەکانیان بدەن و تارانیش ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی راستییەکان دەربارەی ئەو بابەتانەی کە جێی گومانن و بەئاڵۆزی ماونەتەوە، ئاشکرا بکرێن.

دوو رۆژ پێش ئێستا رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆم گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.