تەندروستی دهۆک: 39 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە

26/08/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: 
دهۆک

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ٣٩ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەوەش کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتووەتە ٩٨١ کەس.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی٨ی٢٠٢٠، ٣٩ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ئەو ٣٩ تووشبووە کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو ژمارەیە، کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە ٩٨١ کەس و لە ئێستادا ٢ هەزار و ٤٠٣ تووشبوو لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٦ هەزار و ٣٩٢ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٩٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ هەزار و ٨٤٣ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.