بەڤیدیۆ.. لە ماوەی 48 کاتژمێردا زیاتر لە 200 کۆچبەر ڕزگارکران

26/08/2020
لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ٢٠٠ کۆچبەر ڕزگارکران
فۆتۆ: ئەرشیڤ

پاش نزیکەی هەفتەیەک لە دەست بەکاربوونەوەیان لە دەریای ناوەڕاستدا، کەشتی جیهانی Sea-Watch 4 لە سێ هەوڵی جیاوازدا، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ٢٠٠ کۆچبەری ڕزگارکرد .

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، لە ١٥ی ئابدا کەشتی جیهانی Sea-Watch 4 لە بەندەری بوڕیانا، نزیک شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا دەستی بەکارکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی شەممە ٢٢ی ئاب، کەشتیەکە حەوت کەسی لە نزیک سنووری لیبیا دۆزیەوە و ڕزگاریکردن و ڕۆژی دواتر ٩٧ کەسی دیکەیان ڕزگارکرد کە لەسەر بەلەمێکی قەرەباڵغی لاستیکی بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی رابردووش، کەشتی جیهانی Sea-Watch 4 ، ١٠٠ کۆچبەری دیکەی ڕزگارکردووە، بەشێوەیەک کە بەلەمێک کە ٥٠ میل لە سنوری لیبیاوە دوور بووە، سەرنشینانی بەلەمەکە داوای یارمەتییان کردووە، دواتر کەشتیەکی نەوتهەڵگر کە نزیک بووە لێیانەوە، بە هانایانەوە چووە و بەرگی ڕزگارکەری پێداون و بەجێی نەهێشتوون تا کەشتی Sea-Watch 4 گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و ڕزگاریکردوون.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران راشیگەیاند، زۆرینەی ئەوانەی ڕزگارکراون لە ڕەوشێکی خراپدان و شڵەژاون، بە خەستی بۆنی نەوتیان لێدێت وە هەندێکیان نیشانەی ژەهراوی بوونیان بە سووتەمەنی تێدا دەرکەوتووە و هەندێکیشیان تینوون و تووشی سەرگێژخواردنی نێو دەریا بوون.