بڕیاری دادگا بۆ هێرشكاری سەر مزگەوتەكانی نیوزلەندا دەرچوو

27/08/2020
فۆتۆ: 

ئەو كەسەی هێرشی كردە سەر مزگەوتەكانی نیوزلەندا بڕیاری كۆتایی دادگای بۆ دەرچوو بە زیندانی هەتا هەتایی سزادرا.

برێنتۆن تارانتی تەمەن 29 ساڵ تەقەكەرەكەی نیوزلەندا كە بەرەگەز ئوستورالییە بەتۆمەتی كوشتنی 51 كەس و برینداركردنی زیاتر لە 40 كەسی دیكە لە مزگەوتەكانی نیوزلەندا، دوای ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنی رۆژی 24ی ئەم مانگە دادگایی كردنی دەستپێكرد و ئەمڕۆش بڕیاری كۆتایی دەركرا. 

تارانت پێشتر راهێنەری هۆڵی لەشجوانی بووە و بەردەوامیش گەشتی كردووە، سەردانی وڵاتانی توركیا و پاكستان و بولگاریای كردووە تیایاندا ماوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس تارانت پێشتر لە ئوستورالیا و نیوزلەنداش هیچ گرفتێكی لەگەڵ هاوڕێ و كەسانی دەروبەری نەبووە و مرۆڤێكی ئاسایی بووە، ئەوەش وایكردووە نەبێتە جێگای سەرنجی دەزگا هەواڵگرییەكان و گومانی هیچ كردەوەیەكی توندوتیژی لێنەكراوە.

باوكی برێنتۆن تارانت كەناوی رۆدنی تارانت بوە لەساڵی 2010 لەتەمەنی 49 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كردووە. بە پیاوێكی خزمەتكاری ماڵومنداڵ بەناوبانگ بووە و وەرزشەوانێكی ركابەری پێشكەوتووبووە. 

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس تەقەكەرەكە پێنج چەكی بەكارهێناوە كە دوانیان چەكی ئۆتۆماتیكی بوون و دوانیشیان چەكی ئاسایی بوون كە بەڕێگەی یاسایی دەستدەخرێت مۆڵەتی ئاسایی هەڵگرتنی چەكیشی هەبووە. 
 
ئەمڕۆ دوای چەند رۆژێك لە بەردەوام بوونی دادگاییەكەی كە ئامادە نەبوو پارێزەری هەبێت، دادگا قورسترین سزای وڵاتەكەی بەسەردا سەپاند كە سزای زیندانی هەتاهەتایی بووە بە بێ گرتنەوەی هیچ لێ خۆشبوونێك بۆی. 

تارێنت لە 15 ئازاری 2019دا پیلانی وابوو هێرش بكاتە سەر سێ مزگەوتی موسڵمانان لە رۆژی هەینیدا،  بەڵام دوای هێرشكردنە سەر دوو مزگەوتیان و لە كاتی بەڕێكەوتنی بۆ مزگەوتی سێهەم لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە رێگری لێكرا و دەستگیركرا. 

تارانت لە یەكەم هێرشیدا بۆ سەر مزگەوتی ئەلنوور 44 كەسی كوشت و35ی دیكەی بریندار كرد، دواتر هێرشیكردە سەر سەنتەری ئیسلامی لینوود و لەئەنجامدا حەوت كەسی كوشت و پێنجی دیكەی بریندار كرد، سەرجەمی هێرشەكەشی بە شێوەی لایڤی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان تۆمار كرد و روودجاوەكە كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی ناچار كرد چەند گۆڕانكاریەك لە مەرجەكانی پەخشی راستەوخۆ بكەن.