بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان 151 کەس گیانیان لەدەستدا

27/08/2020
بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان 151 کەس گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئەفغانستان
کابول

بەهۆی لافاوەوە لە حەوت ویلایەتی ئەفغانستان، زیاتر لە ١٥١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی بارانبارین لە حەوت ویلایەتی کابول، پەروان، وۆلسوالی سەروبی، پۆکتیا، نەنگەرها، پەنجشیر، مەیدان وەردەک و کاپیسا لافاو دروستبووە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ خانوبەرە رووخاون و لەناوچوون.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر بەهۆی لافاوەکەوە، زیاتر لە ١٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٢٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

لە دوو رۆژی رابردوودا و لەئەنجامی بارانبارین، لە ١٣ ویلایەتی ئەفغانستان لافاو دروستبووە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، لە شەش ویلایەت هیچ زیانێکی نەبووە.

بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان راشیانگەیاندووە، ئەو ئامارەی ئێستا بەپێ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئەگەر هەیە ئاماری زیانەکان بەرزبێتەوە.