پارێزەرێك لە توركیا دوای 238 رۆژ مانگرتن گیانی لەدەستدا

28/08/2020
فۆتۆ: 

پاش 238 ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، پارێزەرێك لە زیندانەكانی توركیا گیانی لەدەستدا، وەسیەتیشی كردووە هەر لە ئیستەمبوڵ بەخاك بسپێردرێت.

ئیبرۆ تیمتیك، پارێزەرێكی كوردە لەگەڵ پارێزەرێكی دیكە بەناوی ئایتاچ ئوناڵ رۆژی 12ی ئەیلولی 2018 لەسەر گوتەی گەواهیدەری نهێنێ خرابووە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ. 

ئەو دوو پارێزەرە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بەرەی پارتی رزگاری شۆڕشگێڕی گەل كە پارتێكی چەپی توركە و دەوڵەتی توركیا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناوی دەبات، سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا. پارێزەرەكە بۆ جێبەجێكردنی دادگایەكی دادوەرانە ماوەی 238 رۆژ مانگرتنی لە خواردن راگەیاندبوو دوێنێ گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی دوێنێ كەسوكارەكە لەبەردەم پزیشكی دادی ئیستەمبوڵ كۆبوونەوە بۆ ئەوەی تەرمەكەی توێكاری بۆ نەكرێت بەهۆی ئەوەی مەترسیان هەبوو لەوەی بەو هۆیەوە تەرمەكەیان رادەست نەكەنەوە، تا ئێستاش تەرمەكەی نەدراوەتەوە بە كوسوكارەكەی. 

ئەو پارێزەرە بڕیاری سزادانی 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی ئەوەی سزاكەی بە نادادپەروەرانە دەزانی مانگرتنی راگەیاندبوو، بەهۆی ئەو مانگرتنەوە43 كیلۆ كێشی لەدەستدا بوو. 

ئەندامانی كۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی رایانگەیاند، لەسەر وەسیەتی خۆی لە جەمخانەی گازی مەراسیمێك رێكدەخرێت و سبەی رۆژی شەممە تەرمەكەی لە گۆڕستانی گازیی ئیستەنبول بە خاك دەسپێرن.