پۆلیسی میسر سەرۆکی کاتیی ئیخوانولموسلیمینی دەستگیرکرد

28/08/2020
پۆلیسی میسر سەرۆکی ئیخوانولموسلیمینی دەستگیرکرد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
قاهیرە

وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاند، پۆلیسی شاری قاهیرە سەرۆکی کاتیی کۆمەڵەی ئیخوانولموسلیمینی لە پایتەخت دەستگیرکردووە.

وەزارەتی ناوخۆی میسر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان هەستیان بەوەکردبوو کە مەحمود عیزەت سەرۆکی کاتی کۆمەڵەی ئیخوانولموسلیمین لە ئاپارتومانێکدا لە دەورووبەری شاری قاهیرە خۆی حەشارداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیسی قاهیرە ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی٨ی٢٠٢٠، توانیویەتی مەحمود عیزەت دەستگیربکات و دەستیش بەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتەکانیدا بگرێت، کە لەڕێی ئەو ئامێرانەوە پەیوەندی هەبووە بە ئەندامانی ئیخوانولموسلیمین لە میسر و دەرەوەی وڵات.

ساڵی ٢٠١٣ و پاش کودەتا سەربازییەکەی میسر کە بووەهۆی لەسەرکارلابردنی محەمەد مورسی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، مەحمود عیزەت سەرکردایەتی کۆمەڵەی ئیخوانولموسلیمینی لەئەستۆ گرت.