سێ خوشکی سیانە پێکەوە کۆلێژی پزیشکیان بەدەستهێنا

29/08/2020
فۆتۆ: 

سێ خوشکی سیانە لە پارێزگای سیواسی رۆژهەڵاتی تورکیا لە دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتای قۆناغی ئامادەیی نمرەی بەرزیان بەدەستهێنا، توانیان کۆلێژی پزیشکی بەدەستبهێنن.

ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاند ئەو سێ خوشکە سیانەیە بە ناوەکانی سەنا کۆکسال، بەیزانور کۆکسال و فەیزا کۆکسال، بە درێژای ساڵانی خوێندندیان هەر پێکەوەبوون و لەیەک پۆل خوێندویانە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردوە، دانەیەکیان لە کۆلێژی پزیشکی هاجەتەپە و یەکێکی دیکەیان لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی غازی و ئەوەی دیکەشیان لە کۆلێژی پزیشکی کرککالە ناویان گەڕاوەتەوە .

ئەو سێ خوشکە سیانەیە کە توانیویانە لە شارە جیاوازەکانی تورکیا کۆلێژی پزیشکی بەدەستبهێنن، لەلایەن پارێزگای سیواسەوە پێشوازیان لێکرا و خەڵاتکران.

سەنا کۆکسال یەکێک لە سێ خوشکە سیانەکە راگەیاند، ئەو زۆر دڵخۆشە بەوەی کە کۆلێژی پزیشکی بەدەستهێناوە، قۆناغی خۆئامادەکردنیان بۆ تاقیکردنەوەکان زۆر بە سەختی تێپەڕی.

وتیشی ئێمە ھەر سێکمان پێکەوە خۆمان ئامادەکرد. پێکەوە زۆرمان خوێند، زۆر دڵخۆشین بەوەی کە هەرسێکمان سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە.

هاوکات بەیزانور کۆکسال یەکێکی دیکە لە خوشکەکان وتی ئێمە تاکو ئەم ساتە هەمیشە پێکەوە بووین، بەڵام ئیتر لەمەودا دەبێ جیابنەوە. ئەوەش ئەزمونێکی جیاوازە بۆ ئێمە.

ئۆکتای کۆکسالی باوکی ئەم سیانەیە لەبارەی سەرکەوتنی کچەکانەوە ڕایگەیاند، شانازی بە کچەکانییوە دەکات و وەک هەر دایک و باوکێک خۆشحاڵە بە بینینی سەرکەوتنی رۆڵەکانی.