هیندستان.. چەند تۆڕێکی بازرگانیکردن بە دەستکێش و دەمامکی بەکارهاتوو دەستگیر کران

29/08/2020
فۆتۆ: 

دەسەڵاتدارانی هیندستان چەند تۆڕێکیان دەستگیر کردووە، کە کاریان کۆکردنەوە دەمامک و دەستکێشی پزیشکی بووە لە خاشاکی نەخۆشخانەکان و دواتر فڕۆشتوویانەتەوە.

پۆلیسی هیندستان ڕایگەیاند، ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەستکێشی پزیشکیان دەستبەسەردا گرتووە، کە بۆ یەکجار بەکار دێت، شۆردراوە و وشککراوەتەوە و ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بفرۆشرێتەوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەزاری لێکۆڵەرەوەی دۆسیەکە لە پۆلیسی شاری (ناڤی بۆمبای)  بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون تۆڕێک بوون و نزیکەی ٣٥ تۆن لە دەستکێشی بەکارهاتوویان لە چەندین نەخۆشخانەی جیاواز کۆکردووەتەوە و بەنیازبوون ئامادەی بکەن بۆ فرۆشتنەوە بە بازرگانەکان.

پۆلیسی هیندستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆڕە بڕێکی زۆری دەستکێشەکانیان فرۆشتووە و لەپەیوەندیشدابوون بۆ ساغکردنەوەی بڕێکی زیاتر.

لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی بیهار لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان بڵاویانکردەوە، چەند تۆڕێکیان دەستگیر کردووە، تێوەگلاون لە فرۆشتنەوەی دەمامکی بەکارهاتوو، کە لە نەخۆشخانە و شوێنی فڕێدانی خاشاک کۆیانکردووەتەوە.

بەرلە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناش، لە هیندستان بازرگانیکردن بە (نیدڵ- دەرزی لێدان) لەبرەودابوو، کە بنەڕەتەوە خۆی بۆ یەک جار بەکار دەهێنرێت، ئەوەش هۆکار بووە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی هەوکردنی جگەر و ئایدز بەشێوەیەکی فروانتر.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان بڵاوبووەتەوە، داخوازی لەسەر دەستکێش و دەمامک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتووەتە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس.

تا ئێستا لە هیندستان ٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٦٢ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.