تا کۆتایی ساڵ نیوەی دانیشتوانی وڵاتێکی عەرەبی دووچاری برسێتی دەبنەوە

30/08/2020
فۆتۆ: 

توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات، تا کۆتایی ئەمساڵ نیوەی دانیشتوانی لوبنان توانای ئەوەیان نامێنێت پێداویستییەکانی بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک بۆخۆیان دابین بکەن و دووچاری برسێتی دەبنەوە.

لیژنەی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆرئاوای ئاسیا (ئیسکوا)ئاماژە بەوەکردووە، ئەو توێژینەوەیە کە تاوتوێی کاریگەرییەکانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت و هەرەسهێنانی بەهای لیرەی لوبنانی و ڤایرۆس کۆرۆنای کردووە، کە چ کاریگەرێکی خراپیان کردووەتە سەر ئابوری ئەو وڵاتە.

ڕێکخراوەکە داوای لە حکومەتی لوبنان کردووە، یەکەم گرنگی پێدانی بنیاتنانەوەی سایلۆکانی دانەوێڵە بێت لە بەندەری بەیروت، بەوپێیەی بە بنەمانی ئاسایشی خۆراکی نیشتیمانی وڵاتەکە دادەنرێت،  هەروەها دووبارە بنیاتنانەوەی کۆگاری سەرەکی دەرمان، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی دەرمان و چارەسەرەکان دروست نەبێت، کە لەئیستادا بەهۆی پەتای کۆرۆناو و پێکوتەکانەوە خەڵکێکی زۆر پێویستیان بەدەرمانە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی کردووە، بۆ ئەوەی لوبنان دووچاری کەمبوونەوەی خۆراک نەبێت، بە تایبەت لەڕێگەی چاودێریکردنی نرخی کاڵا و دیاریکردنی نرخی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان و هاندانی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ لە بەرهەمێهێنەوە بۆ بەکاربەر.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لوبنان زیاتر بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی پشت بە هاوردەی دەرەوە دەبەستێت، بۆیە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت و نزمبوونەوەی بەهای لیرەی لوبنانی بەڕێژەی لە٧٨% ، ئەوە سەرەڕای ڕێوشوێنەکانی پەتای کۆرۆنا، وایکردووە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە بکەونە بازنەی مەترسی خۆراکەوە، بەشێوەیەک تا کۆتایی ساڵ ناتوانن کەلوپەلە خۆراکییەکانی خۆیان دابین بکەن.