ژمارەیەکی پێوانەیی لەتووشبوون بەکۆرۆنا لەڕۆژێکدا لەهیندستان تۆمارکرا

30/08/2020
ژمارەیەکی پێوانەیی لەتووشبوون بەکۆرۆنا لەڕۆژێکدا لەهیندستان تۆمارکرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
جیهانی

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە ٧٨ هەزار و ٧٠٠ کەس لە هیندستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانیی لەتووشبوون بە ڤایرۆسەکە لەڕۆژێکدا تۆمارکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی٨ی٢٠٢٠، وەزارەتی تەندروستی هیندستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٧٨ هەزار و ٧٦١ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە هیچ وڵاتێکی جیهان، ئەو ژمارە زۆرە لە شەو و ڕۆژێکدا تووشی کۆرۆنا نەبوون.

پێشتر و لە ١٧ی تەمموزی رابردوو، ٧٧ هەزار و ٦٣٨ کەس لە ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تووشی کۆرۆنا بوون.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ٢٥ ملیۆن و ٢٢٥ هەزار و ٥٦٦ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٨٤٧ هەزار و ٦٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧ ملیۆن و ٥٧٤ هەزار و ٨٨٨ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

لەڕیزبەندی وڵاتانی گیرۆدە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای ئەمریکا (بەتۆمارکردنی پێنج ملیۆن و ٩٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە) و بەڕازیل (بەتۆمارکردنی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار حەڵەت)، هیندستان بەپلەی سێیەم دێت، کە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون.