نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوویەوە

31/08/2020
فۆتۆ: 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 46 دۆلار و 09 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 43 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.


ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ یەكشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 45 دۆلار و 81 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە42 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەو پێیەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرە دیارەكەیەوە بەهاكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە. 

نەوت ماوەی چوار مانگی رابردوو بەهاكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا. 

لە هەفتەی رابردوو، باهۆزەکانی مارکۆ و لۆرا لە ئەمریکا  بووەهۆی راگرتنی 85%ی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریا لە کەنداوی مەکسیکۆ، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی بە ئاراستەی بەرزبوونەوە بڕوات. ئەوەش بە هۆی ئەوەی 189 سەکۆی نەوتی کە لەناو ئاوەکانی کەنداوی مەکسیک لەکاردابوون، داخراون.

بەشێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕدا بۆ سەروی 40 دۆلار كە پێشتر بەهاكەی گەیشتبووە نزمترین ئاست دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس كە ئاستی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیان سنورداركرد.

وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە سەركردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێككەوتن بۆ هاوسەنگكردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێكڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكەنەوە. بڕیارەكە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی مانگی تەممووز كاری پێكرا.