تەقینەوەیەك لە كەركوك چوار بریندار و كوژراوێكی لێكەوتەوە

01/09/2020
فۆتۆ: 

لە تەقینەوەیەكی خۆكوژیدا لە بازگەی مریم بەگ لە سەر ڕێگای كەركوك- سەڵاحەدین، چوار پۆلیسی بریندار كرد و هاوڵاتیەكیش گیانی لەدەستدا.

بەسام محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: بەیانی ئەمڕۆ كەسێكی خۆكۆژ بە ئۆتۆمبێلێكی پیكابی ڕەنگ سور هێرشێكی كردووەتە سەر بازگەی مەریم بەگ لە خواروی كەركوك، هەرچەندە زانیاری لە پێشینە لەبارەیەوە هەبووە بەڵام ژمارەیەك كوژراو برینداری لێكەوتەوە. 

بەپرسەكەی پۆلیسی فیدڕاڵی وتیشی: خۆكوژەكە ویستویەتی لەهێزە ئەمنیەكان نزیك بێتەوە بۆیە هێزە ئەمنیەكان گومانیان لێی هەبووە و لەڕێی دەستڕێژی گوللەوە توانیویانە رێگری لە گەیشتنە ئامانجی ئەو كەسە بكەن.  

ئەوەشی روونكردووەتەوە كاتێك رێگری كراوە لە تەقینەوەكە خۆكوژەكە بەناچاری خۆی تەقاندۆتەوە ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی   چوار كارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی و گیان لەدەستدانی ژنێك لەنزیك ڕووداوەكە.

بەسام وتیشی هەواڵگری هێزەكانی فیڕقەی پێنج زانیاریان هەبووە لەسەر ئەو كەسە كە لە ناحیەی ڕەشادەوە لەباشوری ڕۆژئاوای كەركوكەوە هاتووە و ئۆتومبیلەكەیشی لەهاوڵاتیەك دزیوە.