تەندروستی جیهانی: دایکانی شیردەر کۆرۆنا ناگوێزنەوە بۆ کۆرپەکانیان

13/06/2020
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، سودی شیرپێدانی سروشتی زۆر زیاترە لە مەترسی گواستنەوەی پەتای کۆرۆنا لە دایکانی تووشبووەوە بۆ کۆرپەکەی.

تیدروس ئادناهۆم گبریسوس  بەڕێوەبەری گشتی جیهانی ڕایگەیاند "ڕێکخراوەکەیان بەوپەڕی وردییەوە چاودێری گواستنەوەی پەتای کۆرۆنایان کردووە لە دایکەوە بۆ منداڵای شیرەخۆرە لە کاتی شیرپێداندا، دەشزانین کە منداڵانی شیرەخۆرە کەمتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی کۆرۆنا ببن، بەڵام ئەگەری ئەوەیان هەیە دووچاری نەخۆشی دیکە ببن، ئەگەر بێتوو شیرپێدانی سروشتیان لێ ببڕێت".

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، بنەما لەسەر بەڵگەی زۆر کە لەبەردەستدان، تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری دایکان دەکات، کە سودەکانی شیرپێدانی سروشتی زۆر زیاتر لە مەترسیەکانی ئەگەر تووشبوونی کۆرپە بە کۆرۆنا.

بەڕێوەبەری تەندروستی جیهانی جەختیشیکردەوە، پێویستە لەسەر ئەو ژنانەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەردەوام بن لە پێدانی شیرپێدانی سروشتی بە منداڵەکانیان و نابێت لە منداڵە شیرەخۆرەکانیان جیابکرێتەوە، تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت کە دایکەکە دووچاری بێهۆشی ببێت.

لە لایەکی ترەوە ئانشۆ بانیرجی بەڕێوەبەری تەندروسی دایکان و منداڵان و مێردمنداڵان و بەساڵاچوان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، تا ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو شیری دایکدا دەستنیشان نەکراوە.